لە قوروەی سنە چوار قاچاخچیی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

01-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، یەکی ئایاری 2025، کامبیز رۆستەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەردا لە سنووری شارەکە کە دوێنێ چوارشەممە بەڕێوەچوو، چوار کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروە گوتی: هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر 8 کیلۆ و 282 گرام تلیاک و 810 گرام هیرۆییندا گیراوە.
 
بە گوتەی کامبیز رۆستەم، ئەو کەسانە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و دوای لێپرسینەوەی سەرەتایی، رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکە کران.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، پار هەزار و 120 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سنە دەستی بەسەردا گیراوە و هەزار و 605 کەسیش بە تۆمەتی بارزگانی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە