رووداو دیجیتاڵ
عەرەبی هاوردە لە کۆتایی مانگی ئایار لەبەردەم دادگەی عەفرین لەدژی بڕیارێکی دادگەکە گردبوونەوە، ئەوان داوای دوورخستنەوەی دادوەرێکی کورد و بەرپرسێکی ئەنجوومەنی خۆجیی عەفرین دەکەن.
گردبوونەوەکە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو دادگەکە بڕیاریدا؛ 150 خانووی هاونیشتمان لە عەرەبی هاوردە وەربگیرێتەوە و رادەستی هاونیشتیمانییان بکرێتەوە.
ئەو دادوەرە کوردەی عەرەبی هاوردە داوای دوورخستنەوەی دەکەن، ناوی نەورۆزە، ئەوان بەهەمان شێوە داوای دوورخستنەوەی محەممەد شێخ رەشید، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین دەکەن.
عەرەبێکی هاوردە لە گردبوونەوەکەدا گوتی "شەقامی عەفرین ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تاوەکو محەممەد شێخ رەشید و دادوەر نەورۆز لانەبرێن. نەورۆز سەرە گەندەڵەکەی پەکەکەیە لە عەفرین. دادوەر نەورۆز سەرە گەندەڵەکەی پەکەکەیە لە عەفرین. هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ داواکاری گشتیی عەفرین، بێ گەڕانەوەی بۆ شەقامی شۆڕشگێڕ، بەهەموو شێوەیەک رەتدەکرێتەوە."
دوای ئەوەی لە سەرەتای 2018 سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی، لە شەڕێکی دوو مانگەدا عەفرینیان داگیر کرد، زیاتر لە 100 هەزار هاونیشتیمانی ماڵ و حاڵیان جێهێشت.
هەر زوو عەرەبی هاوردە لە شوێنە جیاوازەکانی سووریاوە گوازرانەوە و لە شوێنیان جێگیر کران.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین بە رووداوی راگەیاند، وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی هاونیشتمانیان ئاسان نییە.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی لە عەفرین بە رووداوی گوت "سکاڵاکان لە دادگە بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ یان موڵک، یان خانووە داگیرکراوەکان زۆرن، دادگە ناتوانێک هەمیشە بڕیار بدات لەبەرئەوەی ئەگەر سەربازی بێت، دادگەی ساربازی دەبێت بڕیار بدات ئەوەش زەحمەتە، بەڵام مەدەنی، قوڵایی زیاترە و دەتوانێت بڕیار بدات."
تاوەکو ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر هاونیشتیمانییان لە عەفرین داوە؛ ئاماژەیان بەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەش کردووە کە لەو هەرێمەدا کراون، بەڵام بەرپرسانی ئەو ناوچەیە کاری جیدیان بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکاری و نیگەرانییانە نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ