رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانی کورد ئەحمەد تورک بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت، بەڵام بە خاوی هەنگاوی بۆ دەنێت.
ئەحمەد تورک، کە هاوکات هاوسەرۆکی دوورخراوەی شارەوانی مێردینە، لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ پەیامنێری رووداو قسەیکرد و ئاماژەی بە نوێترین هەنگاوەکان لەو پرسەدا کرد.
ئەحمەد تورک گوتی: "هیوایەکی گەورەمان هەبوو، دەمانگوت لەم کاتەدا دەوڵەت هەندێک هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، چونکە هەموومان دەمانەوێت ئاشتییەکی شکۆمەندانە بەرقەرار بێت، بەڵام کورد هەنگاوی گەورەی ناوە و ئاشتیی خوازن؛ حکومەتی تورکیا دەبینین ئەوانیش دەیانەوێت هەنگاو بنێن، بەڵام زۆر خاو و درەنگ هەنگاو دەنێن و ئەوەش هیوای گەل رۆژبەڕۆژ کەمتر دەکات".
ئەحمەد تورک بێهیوا نییە لە پرۆسەی ئاشتی و دەڵێت: "هیوادارین حکومەتی ئەردۆغان بۆ ئەم پڕۆژەیە و بەڕاستی و بە دڵ و گیان بۆ برایەتی گەلی کورد و تورک خەباتێکی شایستە بکات".
بە بڕوای ئەحمەد تورک کە یەکێکە لە سیاسەتڤانە دیارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، برایەتی تورک و کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیموکراسییەت بەرەو پێشەوە دەبات. "هیوادارین کورد و دەوڵەتی تورکیاش پێکەوە خاوەندارێتی ئەم پڕۆسەیە بکەین و بگەینە ئاشتی و دیموکراسی".
پاکێجی دەیەمی دادوەری تایبەت بە هەمواری یاسای سزادان و هەشت یاسای دیکە، کە لەلایەن فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کرابوو، لەلایەن لیژنەی دادەوە پەسەند کرا و دەبێت دواتر لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت، کە بەشێکی تایبەتە بە زیندانییانی نەخۆش.
لەبارەی پاکێجەکەوە ئەحمەد تورک گوتی: "ئەو پاکێجەی ئامادە کراوە بۆ مافی گەلی کورد هیچی تێدا نییە".
ئەو سیاسەتڤانەی باکووری کوردستان گوتی: "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت هەموو سیاسەتمەدارانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوکاریی بکەن؛ هاوکاری بۆ ئاشتی و برایەتی گەلان؛ ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە کراوەتە رۆژەڤ و خاوەنداری لێبکەن".
لەکاتی گفتوگۆکاندا دەم پارتی داوای لابردنی قەیوومەکانی کردووە، کە ئەحمەد تورک یەکێک لەو سەرۆک شارەوانییانەی قەیووم لە جێگەی دانراوە، لەوبارەیەوە ئەحمەد تورک دەڵێت: ئامانجی ئێمە فراوانکردنی دیموکراسییەتە؛ بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ سیاسەتی قەییوم بەڕێوەدەبات، دژی ئازادی و ئیرادەی گەلی کوردە و دەبێت ئەوە لاببرێت. ئیرادەی گەلی کورد نەناسن نە دیموکراسی دروست دەبێت نە برایەتی گەلان".
لە وەڵامی ئەوەی چاوەڕوان دەکەن قەیوومەکان لاببرێن، ئەحمەد تورک گوتی: "سەیردەکەین و نامانەوێت ئێستا هیچ بڵێین، ئەوە داخوازی گەلی کوردە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ