رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەڵێت، ئەرکیان ئاسان نییە، ئەوەش بەهۆی ئەو کاریگەرییەی شەڕی نێوخۆ لەسەر وڵاتەکەی و کۆمەڵگەکەی جێی هێشتووە. ئەحمەد شەرع باس لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل، هەروەها کەسایەتیی دۆناڵد ترەمپش قسە دەکات.
سوودوەرگرتن لە فرەڕەنگی کۆمەڵگەی سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هەفتەنامەیەکی ئەمریکی دەڵێت، ئەوەی لە ماوەی چەندین ساڵ و دەیەی رابردوودا بۆیان ماوەتەوە بریتییە لە "وێرانکاری، گوشاری دەروونی، بێ متمانەیی و ماندووبوون. بەڵام ئومێدیشمان هەیە".
ئەم قسانەی ئەحمەد شەرع لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە بنەماڵەی ئەسەد زیاتر لە 50 ساڵ کاروباری سووریایان بەڕێوەبرد و لەو ماوەیەدا بەشی زۆری پێکهاتەکان فەرامۆش و پەراوێزخران، لەوانەش کورد، دروز، سوننە و کریستیان. شەڕی نێوخۆی سووریاش لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد و کاریگەرییەکەی زۆر گەورە بوو لە سەر ئەو وڵاتە. چوارشەممەی رابردوو محەممەد شەرع، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا رایگەیاند: "لانیکەم پێویستیمان بە 1 تریلیۆن دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی سووریا". ئێستاش بێ متمانەییەکی زۆر لەنێوان سووریادا هەیە.
ئەحمەد شەرع لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "رابردوو کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو لە چاوی هەر کەسێک، لە هەر شەقامێک و لە هەر خێزانێکدا دەبیندرێ. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دووبارە نەکەینەوە. دەبێت شتێکی تەواو نوێ دروست بکەین".
ئەحمەد شەرع جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو تەنیا کەس نییە بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا بدات، بەڵکو سوود لە فرەڕەنگی کۆمەڵگەی سووریا وەردەگرێ بۆ ئەوەی داهاتووی وڵاتەکەی لە رابردووی جیاواز بێ. ئەحمەد شەرع لەو بارەوە گوتی: "ئەگەر من تەنیا کەس بم کە قسە بکەم، ئەوە واتای ئەوەیە سووریا هیچ شتێک فێر نەبووە. ئێمە هەموو دەنگە جیاوازەکان بانگهێشت دەکەین- عیلمانییەکان، ئاینییەکان، هۆزایەتییەکان، کەسانی ئەکادیمی، کەسانی گوندنشین و شارنشین. پێویستە دەوڵەت زیاتر لەوەی فەرمان دەکات، گوێ بگرێ".
رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی خەڵک سووریا جێنەهێڵێت
حافیز ئەسەد لە ساڵی 1971 تاوەکو 2000 سەرۆکی سووریا بوو و دواتریش بەشار ئەسەدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست تاوەکو 8-12-2024. یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەو باوک و کوڕە بریتی بوو لە تاکڕۆیی، دیکتاتۆری و چەوساندنەوەی بەشی زۆری پێکهاتەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پێکهاتەکانی سووریا متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق هەیە؟ ئەحمەد شەرع دەڵێت: "داوای متمانە ناکەم. داوای ئارامگرتن دەکەم، بەڵام ئارامگرتنێک کە چاودێریکردنی وردیشی لەگەڵ بێ. (بە خەڵک دەڵێم) بە بەرپرسیارم بزانن؛ بە چاوی چاوەڕوانییەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکەن. متمانە بەو جۆرە دروست دەبێت".
شەڕی نێوخۆی سووریا بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس و کۆچبەربوونی زیاتر لە 6.5 ملیۆن کەسی دیکە. زیاتر لە 90٪ی خەڵکیش لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەحمەد شەرع دەڵێت: "ئەوەی ئێستا گرنگە بریتیە لە رەخساندنی دەرفەتێک بە خەڵک بۆ مانەوە و ژیان. سووریایەکی سەقامگیر تەنیا لە رێگەی گوتار و درووشمەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە رێگەی کارەوە بەدەست دەهێندرێ. دەبێت ئەو کارە لە بازاڕ، نێو پۆل و کێڵگەکان بکرێ. سووریا دەبێتەوە سەنتەری بازرگانی".
ئەحمەد شەرع باس لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی رەخساندنی هەلی کار دەکات و دەڵێت: "هەر پیاوێکی گەنج کە خاوەنی کاری خۆی بێ، کەمتر رووبەڕووی مەترسی تووندڕۆیی دەبێتەوە. هەر منداڵێک کە لە قوتابخانەیە، دەنگێکە بۆ داهاتوو".
پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل
لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا دەستی پێکردووە ئیسرائیل نزیکەی 1300 جار هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەر سووریا. نزیکەی 450 دانەیان لەو کاتەوە بوون دەسەڵاتی ئەسەد لە 8-12-2024 کۆتایی هاتووە.
ئەحمەد شەرع لەبارەی پەیوەندیی داهاتووی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: "دەمەوێ روون بم. پێویستە سەردەمی بۆردوومانی تۆڵەسەندنەوە کۆتایی بێت. هیچ وڵاتێک پێش ناکەوێ کاتێک ترس ئاسمانەکەی تەنی بێ. راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە دووژمنی هاوبەشمان هەیە و دەتوانین رۆڵێکی کاریگەریش لە ئاسایشی هەرێمایەتی بگێڕین".
ئەحمەد شەرع ویستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ رۆحیەتی ئەو رێککەوتنە دەربڕی کە ساڵی 1974 لەنێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ واژۆکرا بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای "دانبەخۆداگرتنی دوولایەنە و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەتی کۆمەڵگەی دروز لە باشووری سووریا و بەرزاییەکانی گۆلان".
سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەڵێت: "دروزەکانی سووریا داشی دامە نین. ئەوان هاووڵاتین و ریشەیان هەیە، دڵسۆزن و شیاوی ئەوەیە بە گوێرەی یاسا بپارێزرێن. پاراستنی ئارامی و ئاسایشیان قسە هەڵناگرێ".
ئەحمەد شەرع لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی ئەوە ناکات کە ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد بۆ دانوستاندن ئامادەیە، بە جۆرێک ئەو دانوستاندنە پشت بە یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی سەروەری ببەستێ و گوتی: "پێویستە ئاشتی لە رێگەی رێزگرتنی هاوبەشەوە بەدەست بهێندرێ، نەوەک ترس. لە هەر شوێنێک راستگۆیی و رێگەی پێکەوە ژیان هەبێت، بۆ مامەڵەکردن ئامادەین. هەر شتێک لەوە کەمتر بێت، لێی دوور دەکەوینەوە".
دۆناڵد ترەمپ و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەحمەد شەرع ویستی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پیشان دەدات و دەڵێت: "میدیا هەرچۆنێک وێنای بکات، ئەو (ترەمپ) وەک پیاوی ئاشتی دەبینم. هەردووکمان لەلایەن هەمان دووژمنەوە کراوینەتە ئامانج (میدیا). ترەمپ لە کاریگەری، هێز و ئەنجام تێدەگات. سووریا پێویستی بە سازێنەرێکی راستگۆیە تاوەکو بتوانێت گفتوگۆکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. ئەگەر دەرفەتی هاوئاهەنگییەک هەبێت کە یارمەتیی هێنانەدیی سەقامگیری بدات بۆ ناوچەکە – و ئاسایش بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی –ئامادەم ئەو گفتوگۆیە بکەم. ترەمپ تەنیا کەسە توانای چارەسەری کێشەکانی ئەم ناوچەیەی هەبێت و توانای ئەوەی هەبێت لێکمان نزیک بخاتەوە".
ئەحمەد شەرع نایشارێتەوە کە هێزە دەرەکییەکان- چین، رووسیا، ئێران، تورکیا، ئیمارات، قەتەر و ئەمریکا- بەردەوام دەبن لەسەر ئەوەی هەوڵ بدەن کاریگەرییان لەسەر سووریا هەبێت، بەڵام دەشڵێت: "" نابینە داشی دامە. دەبینە دەوڵەتێک کە رەوایەتی لە بەڕێوەبردندا هەبێ؛ دەمانەوێ ئەمریکا هاوبەشیمان لەگەڵ بکات — لە بەڕێوەبردن، لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە بنیاتنانی دامەزراوەکان لەسەر بنەمای راستگۆیی و دەستپاکی."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع رۆژی 14-05-2025 لە ریاز کۆبوونەوە، ئەوەش کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی چەند رۆژە چووە کەنداو.
پۆستی سەرۆککۆماری سووریا
ئەوەی کە پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە هەیە، ئەحمەد شەرع گوتی: "چاوم لەم پۆستە نەبوو بۆ بەڕێوەبردن. ئەم پۆستەم قبووڵکرد چونکە سووریا پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە. منیش پێم خۆشە لە نووسینەوەی ئەو مێژووەدا یارمەتیدەر بم، نەوەک ئەوەی سەیری دابەشبوونەوەی بکەم. هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە سەرکەوتن. دەبێت جارێکی دیکە سووریا بەهێز بکەینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ