رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارى دەنگدەران لە 21 کەمپى هەرێمى کوردستان نوێدەکاتەوە و تاوەکو یەکى حوزەیران 33 هەزاریان کارتى بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە کە دەتوانن لەرێگەیەوە دەنگ بە بازنەى پارێزگاکانیان بدەن و 21٪یان ئاوارەى دەرەوەى کامپەکانن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنەکان، ئاوارەکان بەگوێرەى نوێترین تۆمار دەنگ دەدەن کە لەلایەن وەزارەتەکانى کۆچ و کۆچبەران و بازرگانى دەدرێت بە کۆمیسیۆن و، دەنگدەرى ئاوارە لە کەمپەکەیەوە دەنگ بە بازنەى هەڵبژاردنەکەى دەدات. بۆ ئەوە کۆمیسیۆن نووسینگەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى لە کەمپەکان کردووەتەوە.
جومانە غەلاى گوتى: "تەنیا ئاوارەى قەزاى شنگال هەیە لە دەرەوەى کەمپەکانن و دەتوانن بە کارتى بایۆمەترى دەنگ بۆ بازنەکەیان بدەن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق".
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، کە یەکەمجارە بتوانن دەنگ بدەن.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: "نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى ئاوارەکان لە 16 کەمپى دهۆک و پێنج کەمپى هەولێر ئەنجام دەدرێت، تاوەکو ئەمڕۆ 1ـی حوزەیران 33 هەزار ئاوارە تۆمار کراون کە دەتوانن دەنگ بدەن".
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست رووداو کەوتووە، زۆترین نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە کەمپى چەمشکۆ لە پارێزگاى دهۆک بووە کە چوار هەزار و 359 دەنگدەر بووە، هەروەها حەوت هەزار و 362 ئاوارەى دیکە کە لە دەرەوەى کەمپەکان بوون تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
11ـی تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ