رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، مەرجە ئاژەڵ لە کوشتارگە و قەسابخانەکان سەببڕدرێن، ئەگەر نا سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، رابەر محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، رێکاری نوێ بۆ جەژنی قوربان دەگرینەبەر و کۆبوونەوەکان چڕ دەکەینەوە، بەڵام مەرجە هەموو هاووڵاتییان ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگە و قەسابخانەکان سەرببڕن ئەگەر نا دووچاری رێکاری یاسایی دەبنەوە."
بە گوتەی رابەر محەممەد، لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت و وەزارەتی ناوخۆ هاوئاهەنگی تەواو دەکرێت، لیژنەکان سەردانی کۆڵان و شەقامەکان دەکەن، هەر کەسێک ئاژەڵ لە ماڵەوە و سەر شەقامەکان سەرببڕێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی، لەبەر بەرژەوەندی هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژندا کاتی کارکردنی کوشتارگەکان درێژدەکەینەوە و دەبێ زیاتر بمێننەوە، تاوەکو هیچ بەهانەیەک بۆ هاووڵاتیان نەمێنێت و نەتوانن ئاژەڵ لە ماڵەوە سەرببڕن.
لەبارەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون رابەر محەممەد دەڵێت، لە هەولێر هیچ حاڵەتێک نەماوە ئێستا هاتووچۆی بازرگانی لەوێ ئاسایی بووەتەوە و دوایین حاڵەت دوێنێ لە رانیە تۆمارکراوە.
دوێنێ وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردوە، بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوویەکی نوێ کە دانیشتووی ناحیەی بۆسکینە لە قەزای رانیە لە دەڤەری راپەڕین تۆمارکرا.
سەبارەت بە ئاماری گشتیی نەخۆشییەکە، وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "تائێستا دوای بوونی چەندین گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، تەنیا چوار تووشبوو دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ