رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی دەڵێت، وای بە باش دەزانین ئەو هاونیشتمانییانەی بۆ حەجکردن لە سعودیەن، قوربانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەن، شەرعیش رێگەی داوە وەکیلەکانیان لە هەرێمی کوردستان قوربانی بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو حاجییانەی لە سعودیەن دەتوانن لە هەرێمی کوردستان قوربانی بکەن، هیچ لە خێرەکەی کەم نابێتەوە بەڵکو زۆر باشتریشە، چونکە سوودی بۆ گوزەران و دۆخی خەڵکی کەمدەرامەت و بواری ئابووری نێوخۆیی دەبێت."
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی، "نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە، هەروەها لە سعودیە قوربانییەکی زۆر دەکرێت، بە رادەیەک لێیان زیاد دەبێت و دەینێرنە دەرەوە، بۆیە واباشترە حاجیان لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی وەکیلەکانیانەوە قوربانی بکەن، هەم بازاڕی ناوخۆ دەبووژێتەوە هەم خەڵکی کەمدەرامەت سوودمەند دەبن."
6ـی ئەم مانگە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ لەم جەژنەدا ئەو کەسانەی لە سعودیە حەج دەکەن و موسڵمانان بە سەربڕینی ئاژەڵێک قوربانی دەکەن. کاتی قوربانیکردن لەدوای نوێژی جەژنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو خۆرئاوابوونی چوارەم رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.
رۆژی 28ـی ئایار سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە مەککە و کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ حاجییەک نەماوە نەگەیشبێت.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ