پشتیوان سادق: بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستوور و پێدانی مافەکانی هەرێمی کوردستان پاشگەزبووەتەوە

01-06-2025
پەیمان محەممەد
 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە ''سیاسی''ـیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''دەسەڵات لە بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستوور و [پێدانی] مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبووەتەوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-06-2025 کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی منداڵان، بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، کۆڕبەندی ''منداڵ ئایندەیە، هەنگاوێک بەرەو گەشەپێدانی منداڵان'' لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
پشتیوان سادق لە کۆڕبەندەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە رایگەیاند: ''بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە.''
 
پشتیوان سادق بڕیارەکە بە ''سیاسی'' دەزانێت و دەڵێت: ''بەردەوام لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لە ساڵی 2014ـوە، لەم جۆرە بڕیارانە دژی هەرێمی کوردستان دەردەچن.''
 
28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
 
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: ''ئێمە پێمان وابوو لەبەر ئەوەی پێشتر [سەردەمی رژێمی بەعس] لەگەڵ شیعەکان زۆر زەحمەتمان کێشاوە، ئەو حکومەتە سوود لە رابردوو وەردەگرێت و دەتوانین پێکەوە وڵاتێکی نوێ دروست بکەینەوە.''
 
پشتیوان سادق باسی لە پێکهێنانی پڕۆسەی سیاسی لە ساڵی 2003 کرد و گوتی: ''سەرکردەکانی کورد رۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی نوێی عێراق و نووسینەوەی دەستووردا هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو برادەرانەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتن، دوای ئەوەی تۆزێک خۆیان تووندوتۆڵ کرد، لە دەستوور و مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبوونەوە.''
 
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان 100٪ سیاسییە  و رایگەیاند: ''لەکاتێکدا هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ کردوون، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەرکاردەهێنرا.''
 
پشتیوان سادق گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە هەیە و رایگەیاند: ''تەنیا خاڵیک کە دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی، جەخت لە مافەکانی خۆمان بکەینەوە و پێیان بگەین، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستانە. ئەوەی ئێستا لەئارادایە، ستەمێکە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکەن.''
 
جگە لە کۆبوونەوەی دوێنێی 43 لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسەکە و وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر بڕیارەکەی بەغدا، رۆژی 29ـی ئایاریش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".