هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی شوشمێ دەستپێدەکاتەوە

01-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی رۆژێک پێش جەژنی قوربان دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە و دوای چەند کاژێرێک داخرایەوە، ئەمڕۆ جارێکیتر بە فەرمی بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە.
 
رۆژی شەممە 1ـی تەمموزی 2023، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بۆ هاتووچۆی گەشتیاری کرایەوە و لە دیوی ئێران و دیوی هەرێمی کوردستانیشتەوە هاتووچۆ بەبێ کێشە کرا و بەردەوامە." 
 
رۆژی 27ـی حوزەیران دەروازەی شوشمێ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە و دوای چەند کاژێرێک لەسەر داواکاری ئێران و بە پاساوی "کێشەی تەکنیکی" دەروازەکە بە رووی گەشتیاراندا داخرایەوە.
 
پێشتر دەروازەی شوشمێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ هاتووچۆی بازرگانی کراوەبوو. ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ بوو چەند هاونیشتمانییەکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو گەشتیار لە دەروازەکەوە هاتووچۆیان کرد.
 
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن، هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
 
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل.
 
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لە نێوان باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.