رووداو دیجیتاڵ
هێڵێکی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو کرا و تاقیکردنەوەی وشک دەستپێدەکات. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "لە زووترین کاتدا ئاو دەگاتە بەشێکی هەولێر".
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەممووز، بەرپرسێکی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو رۆژە هەموو کارەکانی هێڵێكی پڕۆژەکە تەواو بووە، کارەبا و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ ئامادەکراوە و پێکەوە گرێدراون".
هەر ئەمڕۆ، ئەندازیار هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانی هێڵێک تەواو بوون، ئێستا لە سەروبەندی تاقیکردنەوەی وشکی هێڵەکەداین".
بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن: "شەو و رۆژ کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات پڕۆژەکە تەواو ببێت".
ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.
لەبارەی ئەوەی کەی ئاوی پڕۆژەکە دەگاتە نێو هەولێر، ئەندازیار هێمن نەزیف گوتی: "دوای تاقیکردنەوەی وشک، تاقیکردنەوەی ئاو لە بۆرییەکان ئەنجام دەدرێت؛ پاشان لە زووترین کاتدا ئاو دەگاتە ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر هێڵەکە".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت. هێمن نەزیف گوتی: "بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە بەگشتی تەواو ببێت".
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ