رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردەکاریی پلانی ئەمنیی پرۆسەکەی خستەڕوو. بەپێی پلانەکە، پێنج لیژنەی سەرەکی بۆ پاراستنی پرۆسەکە پێکهێندراون کە یەکێکیان تایبەت کراوە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
رۆژی سێشەممە، 1ی تەمموزی 2025، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سوپاسالاری پێشمەرگە و بە سەرۆکایەتیی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، یەکەم کۆنفرانسی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین لیژنە پێکهێندران، لەوانە:
لیژنەیەکی مەیدانی کە لە دوو لیژنەی لاوەکی پێکدێت بە جۆرێک لیژنەیەکیان بە سەرۆکایەتیی عادل رزێج، بریکاری وەزیری ناوخۆ دەبێ و سەرپەرشتیی کاری پارێزگاکانی بابل، واست، نەجەف، دیوانییە، موسەننا، زیقار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا دەکات. لیژنەی لاوەکیی دووەم بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سوپاسالار کاری پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین، کەرکووک، کەربەلا، بەسرە و میسان رادەپەڕێنێ.
هەروەها لیژنەی کاروباری هەواڵگری و زانیاری، لیژنەی کاروباری کارگێڕی، لیژنەی راگەیاندن و لیژنەی ئاسایشی ئەلیکترۆنیش پێکهێندران.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتی، لیژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هەیە و هەر پارێزگایەکیش لیژنەی ئەمنیی خۆی دەبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، فەریق یەکەمی روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025، سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەی کرد.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری هەڵبژاردن، یاریدەدەرانی سوپاسالار، بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، یاریدەدەری سوپالاری پێشمەرگە و بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت بەڕێوەچوو.
بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ