رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەبوو ئەمڕۆ دوایین رۆژ بێت بۆ تۆمارکردن لە فۆرمی نوێی خۆراک کە ئەلیکترۆنییە، لەکاتێکدا زیاتر لە ملیۆنێک هاونیشتمانی خۆیان تۆمار نەکردووە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی خەڵک دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و خۆیان تۆمار بکەن.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، شەوی رابردوو بە رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی تۆمارکردن لە پسووڵەی خۆراک لە رێگەی ئەپەکانی مۆبایلەوە کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ هەینیش، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەپەکان کاران، ئەو کەسانەی فۆرمیان پڕ نەکردووەتەوە، ئەمڕۆ و سبەی دەتوانن پڕیبکەنەوە، یەکشەممە کارەکان بەفەرمی رادەگیرێن".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسووڵەی خۆراک بۆ رووداو، بە سیستمە کۆنەکە زیاتر لە 5 ملیۆن و 378 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن، بەڵام تاوەکو دوێنێ 31ـی تەممووز، 4 ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەس فۆرمی نوێیان پڕکردووەتەوە.
پڕکردنەوەی فۆرمەکان لە پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: یەک ملیۆن و 656 هەزار و 633 کەس.
پارێزگای سلێمانی: یەک ملیۆن و 609 هەزار و 358 کەس.
پارێزگای دهۆک: یەک ملیۆن و 361 کەس.
پارێزگای هەڵەبجە: 99 هەزار و 537 کەس.
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو راگیراوە. سیامەند نانەکەلی گوتی: "قۆناخی دواتر کە پێدەچێت مانگی نۆ یان مانگی 10 بێت، هەموو خزمەتگوزارییەکانی فۆرمی خۆراک دەکرێتەوە، لە تۆماری منداڵ، گواستنەوەی فۆڕم یان فۆرم بۆ خێزانی نوێ".
لەبارەی ئەو کەسانەشی تاوەکو یەکشەممە فۆڕمەکە پڕناکەنەوە، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر گوتی: "بەشەخۆراکیان رادەگیرێت، تاوەکو کاتی کردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ئەوکاتە دەتوانن مامەڵە بکەنەوە و فۆڕم وەربگرن".
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریدا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوەیە، کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ