ئاوی راپەڕین: پێنج گوند بەهۆی کەمئاوییەوە مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە

01-08-2025
پەیمان محەممەد
سەلام عومەر بابەکر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
سەلام عومەر بابەکر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە، پێنج گوندی سنووری قەزای پشدەر مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە. دەشڵێت، ئەم ساڵ توانای دابینکردنی ئاوی سەرجەم پڕۆژە ئاوییەکانی ئیدارەی راپەڕین کەمیکردووە.
 
ئەمڕۆ هەینی 01-08-2025، سەلام عومەر بابەکر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی گرفتی کەمئاویی سنوورەکە رایگەیاند، ''بەداخەوە وشکەساڵی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاوی خواردنەوە هەبووە، بەتایبەتی لە قەزای رانیە.''
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ سەرچاوەکانی ئاو لە سنووری ئیدارەکە کە پشت بە باران دەبەستن، نەژیاونەتەوە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بیرەکانیش زۆر دابەزیوە، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی وەکو پێویست ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابین نەکرێت.
 
رانیە نزیکەی 25 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە کە 13 هەزاریان پشت بە پڕۆژەی ئاوی قولە دەبەستن. بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین گوتی، ''بەداخەوە ئێستا لە شاری رانیە، ئەو 13 هەزار هاوبەشە  گرفتیان بۆ دروستبووە و ئاوی پڕۆژەکە نزیکەی 80٪ کەمیکردووە.''
 
بەگوتەی سەلام عومەر، لە وەرزی هاوینی ساڵانی رابردوودا نزیکەی دوو هەزار مەتر سێجا ئاو لە پرۆژەی ئاوی قولەوە بۆ هاوبەشان بەردەدرایەوە، بەڵام ئێستا توانای دابینکردنی نزیکەی 300 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
پێشتر لە رانیە، رۆژ نا رۆژێک نزیکەی دوو کاژێر ئاو بۆ هاوبەشان بەردەدرایەوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ئاوی راپەرین دەڵێت، ''ئێستا رۆژ نا رۆژێک نزیکەی 40 خولەک ئاو بۆ دانیشتووان بەردەدرێتەوە کە لە ئاستی پێداویستیی خەڵکدا نییە و ناچارین بە تانکەریش ئاو دابەش بکەین.''
 
سەلام عومەر لەبارەی ئەو ناوچانەی کە مەترسیی زیاتری بێئاوییان لەسەرە دەڵێت، ''ناوەندی شاری رانیە مەترسیی زیاتری لەسەرە، لەبەر ئەوەی پشت بە دوو سەرچاوەی ئاوی قولە و بیرەکان دەبەستێت، بەڵام بەداخەوە ئاستی ئاوی هەردوو سەرچاوەی ژێرزەوی و سەرزەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە''.
 
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، لە رانیە 70 بۆ 75 بیر هەن کە ئاوی نزیکەی 12 هەزار هاوبەشی دیکە دابین، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، سێ بیر وشک بوون و ئاستی ئاوی بیرەکانی دیکەیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
 
سەلام عومەر لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی گوتی، ''مانگی چوار لە رێگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ نووسراومان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا دینارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دابین نەکراوە و تەنیا بودجەی ئاسایی خۆمان لەبەردەستە.'' 
 
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین باسی لە پرۆژەی ئاوی شکارتە-سەروچاوەش کرد و گوتی، ''ئاستی ئاوی ئەو پڕۆژەیەش یەکجار زۆر دابەزێوە و دەتوانین بڵێین نزیکبووەتەوە لە وشکبوون، بۆ ژیاندنەوەی دەتوانین سوود لە سەرچاوەیەکی دیکە وەربگرین و ئاوەکەی بیخەینە سەر ئەو پڕۆژەیە.'' 
 
بەگوتەی سەلام عومەر دانیشتووانی حاجیاوا و چوارقوڕنەش لە رێگەی 81 بیرەوە سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەردەگرن کە ئاستی ئاوی ئەو بیرانەش دابەزیوە.
 
هاوکات ناوە ناوە ئاستی ئاوی زێی بچووک بەهۆی گرتنەوەی لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت لە پارێزگای ورمێ لەلایەن ئێرانەوە زۆر دادەبەزێت کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاوی قەزای پشدەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین هەیە. 
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، ''20٪ـی سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک لە سنووری هەرێمی کوردستانە و کەمیی باران کاریگەری لەسەر لاوازبوونی ئەو سەرچاوەیەش داناوە."
 
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر رووباری زێی بچووک دروستکراوە و لە رێگەی چوار حەوزی ئاوەوە توانای گلدانەوەی نزیکەی 40 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە کە ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دابیندەکات. سەلام عومەر ئەوەشی خستەڕوو، وشکەساڵی و کەمیی باران کاریگەری لەسەر ئەو پڕۆژەیە ئاوییەش داناوە و توانای دابینکردنی ئاوی کەمیکردووە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین هۆشداری دەدات و دەڵێت، ''گرفتی زۆرمان لە گوندەکانی سنووری قەڵادزێدا هەیە و بەهۆی کەمئاوی و وشکبوونی بیر و سەرچاوەکانی ئاو، پێنج گوند مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.''
 
وەک سەلام عومەر دەڵێت، لە بەشێک لە ناوچەکانی سەر بە ئیدارەکە سەرەڕای ئەوەی بە تانکەر ئاو دابەش دەکەن، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان ناچارن بە نرخێکی گران، ئاو بکڕن، کە ئەویش بە زەحمەت دەستدەکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.