رووداو دیجیتاڵ
لێپرسروای دابەشکردنی ئاوی رانیە دەڵێت، توانای پڕۆژەی قولە بۆ دابینکردنی ئاوی دانیشتووانی قەزاکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بیرەکانیش مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.
رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر ئاستی پڕۆژەی ئاوی قولەی رانیەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دادەبەزێت. ئەمڕۆ هەینی 01-08-2025، رەوا ئەنوەر، لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی رانیە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنیری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''پڕۆژەکە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، ئەم ساڵیش بارانبارین کەم بوو، بۆیە سەرچاوەکە نەژیاوەتەوە.''
رەوا ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا پڕۆژە ئاوییەکە توانای دابینکردنی 300 بۆ 350 مەتر سێجا ئاوی هەیە، ''لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، توانای دابینکردنی هەزار بۆ هەزار و 500 مەتر سێجا ئاوی هەبوو.''
پێشتر رۆژ نا رۆژێک، نزیکەی دوو کاژێر ئاو بۆ دانیشتووانی رانیە بەردەدرایەوە. بەگوتەی لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی رانیە، ئێستا بەهۆی کەمئاوییەوە، کاتی بەردانەوەی ئاو بۆ هاوبەشان کراوەتەوە 40 خولەک.
لە رانیە نزیکەی 25 هەزار هاوبەشی ئاو هەن. وەک رەوا ئەنوەر دەڵێت، پێداویستیی ئاوی 13 هەزاریان لە پڕۆژەی قولە دابین دەکرێت و 12 هەزاریشیان لە رێگەی بیرەکانەوە.
بەگوتەی لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی رانیە، 90 بیر بۆ دابیکردنی ئاو لە سنووری شارەکە هەن کە ''ئەوانیش بە هۆکاری جیاجیا مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە، ئێستا ژمارەیەکیان کار ناکەن، وشکبوون و ژمارەیەکیشیان ئاوەکەیان کەمیکردووە و بوونەتە قوڕاو.''
وەکو چارەسەر بۆ گرفتی کەمئاوی پێشنیاز کراوە سوود لە پڕۆژەی ئاوی دەربەند- رانیە وەربگیرێت کە نزیکەی 80٪ـی کارەکانی تەواوکراوە، ''پێویستە ئاوی پڕۆژەی قولە بگوازرێتەوە بۆ پڕۆژەی دەربەند- رانیە و لەوێشەوە بەسەر هاوبەشاندا دابەش بکرێتەوە.''
پڕۆژەی ئاوی دەربەند- رانیە ساڵی 2005 بەردی بناخەی بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە. لە ئەگەری جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، ئاوی رانیە و چەند ناحیەیەکی دەوروبەری دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ