رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ماکۆ لە سنووری پارێزگای ورمێ، لە هەوڵدان گوندی سۆرک چۆڵ بکرێت و گوندێکی دیکە دروستبکرێت و ناوە کوردییەکەشی بگۆڕن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ماکۆوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، دوای لافاوەکەی شەوی سێشەممەی رابردوو، کە بووە هۆی رووخانی 35 خانووی گوندی سۆرک لە ناوچەی بۆرەلان، بەرپرسانی فەرمانگەی نیشتەجێکردنی شاری ماکۆ بە دانیشتووانی گوندەکەیان راگەیاندووە، بەهۆی ئەگەری روودانەوەی لافاو لە داهاتوودا شوێنی گوندەکە دەگۆڕن. هەروەها پێیان راگەیێندراوە، ناوی گوندە تازەکە دەکرێتە "یەنی قزڵچە" کە ناوێکی تورکییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دانیشتووانی گوندەکە کێشەیان لەگەڵ گۆڕینی شوێنی گوندەکەیان نییە، بەڵام رەتیان کردووەتەوە ناوی گوندەکە بگۆڕێت و بە بەرپرسانی حکومەتیان راگەیاندووە، دەبێت ناوی گوندەکە هەر سۆرک یان سۆرکی نوێ بێت.
شەوی سێشەممە 29-01-2023 لە ناوچەی بۆرەلان لافاو روویدا و بەهۆیەوە گوندی سۆرک ژێرئاو کەوت. بەپێی راپۆرتی قایمقامیەتی ماکۆ، 35 خانووی گوندەکە لەگەڵ شوێنەکانی بەخێوکردنی مەڕوماڵات بەهۆی لافاوەوە رووخاون.
ناوچەی بۆرەلان سەر بە شاری ماکۆیە لە باکووری پارێزگای ورمێ و هاوسنووری باکووری کوردستانە. ئەو ناوچەیە 16 گوند لەخۆدەگرێت.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەروەها بێکاری و کەمداهاتی، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچەکە کۆچیان کردووە. لە 16 گوندەکەی ئەو ناوچەیە نزیکەی 500 خێزان دەژین و ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە نزیکەی 2200 کەسە. تەواوی دانیشتووانی ناوچەی بۆرەلان و زۆربەی دانیشتووانی ماکۆ کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ