رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراق کرد و دەڵێت، "لەڕێگەی بەرهەمەکانی، خزمەتی دۆزی گەل و وڵاتی کردووە."
لە پرسەنامەکەدا سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری گەورە کەریم عێراقی-م پێگەیشت، کە جێپەنجەیەکی دیاری لە بواری ئەدەب و هونەردا بەجێهێشتووە و لەڕێگەی بەرهەمەکانی، خزمەتی دۆزی گەل و وڵاتی کردووە."
سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی کەریم عێراقی، شاعیر و هونەرمەندە هاوڕێکانیشی کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 1ی ئەیلوولی 2023 کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراق بەهۆی شێرپەنجەی پرۆستاتەوە لە تەمەنی 68 ساڵیدا لە ئەبو زەبیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی گیانی لەدەستدا.
کەریم عێراقی لە ساڵی 1955 لە ناوچەی شاکرییە لە گەڕەکی کەڕادە مەریەمی بەغدا لەدایکبووە، بڕوانامەی دیبلۆمی لە زانستی دەروونناسی و میوزیکی منداڵان لە پەیمانگەی مامۆستایانی بەغدای بەدەستهێناوە، چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە و دواتر بووەتە سەرپەرشتیاری نووسینی ئۆپەرێتی قوتابخانەکان.
لە قۆناخی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە دەستی بە نووسین و بڵاوکردنەوە کردووە و لە چەندین گۆڤاری عێراقدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە.
کەریم عێراقی لەساڵی 1997، خەڵاتی باشترین گۆرانیی مرۆیی رێکخراوی یۆنسێفی پێبەخشراوە بەهۆی شیعرێکەوە، کە کازم ساهیر کردوویەتییە گۆرانی و باسی منداڵانی عێراقی لەسەردەمی گەمارۆی ئابووری لەساڵانی نەوەتەکان کردووە. هەروەها لەساڵی 2019 خەڵاتی جیهانیی شا فەیسەڵی پێبەخشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ