رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سۆران رایگەیاند، 58 کەسیان دەستگیرکردووە کە "دەرۆزەکەرن" و بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانیان. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵەوە بووە بە بەڵێننامەی دووبارەنەکردنەوەی کارەکەیان ئازاد کراون.
رۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکی فراواندا لە چەند شوێنێکی جیاوازدا وەک مزگەوت، بازاڕ و کۆڵانەکان زیاتر لە 58 کەسی دەرۆزەکەر دەستگیرکران کە لە پیاو، ژن و منداڵ پێکهاتبوون؛ لە ژێر ناوی جیا دەرۆزەیان دەکرد و ببوونەهۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان."
عەقید شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێو دەستگیرکراواندا ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵانەوەیە بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەی دووبارەنەکردنەوەی دەرۆزەکردن ئازاد کراون.
عەقید شەماڵ گوتیشی، ئەوانەی دەستگیرکراون کوردن و خەڵکی ناوچەکە و شوێنە جیاوازەکانی دیکەن.
دوای دەستگیرکردنی ئەو ژمارە دەرۆزەکەرە، ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 14 ساڵەوەیە بە بڕیاری دادوەر تاوەکو رۆژی یەکشەممە 3ی ئەیلوول رادەگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ