پاسەوانێکی پێشووی عیرفان کەرکووکی لە رووداوێکی گوماناویدا گیانی لە دەستدا

01-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای گشتی پڕکردن و خزمەتگوزارییەکانی گاز رەتیدەکاتەوە ئەو ئۆتۆمبێلەی دوێنێ شەو لە بازاڕی حەسیرەکەی شاری کەرکووک سووتا، سیستەمی گازی تێدا جێگیرکرابێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پاسەوانێکی پێشووی پارتی گەلی تورکمان، بۆیە گومان لە هۆکار و ئەگەری بوونی بکەر لە رووداوەکە دەکرێت، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانیش دەڵێت: "نازانم تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبی چێندراو بووە یان نا."
 
کاژیر 8:15ـی شەوی رابردوو، ئۆتۆمبێلێک بە ژمارە 52494/کەرکووک، لە جۆری ئۆپڵ ئۆمێگای رەنگ سیلڤەر لە بازاڕی حەسیرەکەی شاری کەرکووک تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی "ئۆزاڵ ئاتیلا"، تەمەن 32 ساڵ، یەکێک لە پاسەوانەکانی عیرفان کەرکووکلی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی گیانی لەدەستدا.
 
هەرچەندە وا بڵاوکراوەتەوە گوایە ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی جێگیرکردنی سیستەمی گازەوە تەقیوەتەوە، بەڵام لقی کەرکووکی کۆمپانیای پڕکردن و خزمەتگوزارییەکانی گاز کە یەکێکە لە دامەزراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بابەتەی رەتکردەوە.
 
لە روونکردنەوەیەکیدا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشکرایکردووە: "دوای رووداوەکە، تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتییمان چوونە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت ئەو ئۆتۆمبێلە سیستەمی گازی نەبووە و لە هیچ کارگەیەکی گازی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک تۆمار نەکراوە."
 
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، کە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لە هەولێر نیشتەجێیە رۆژی هەینی، 1-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پێشتر یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی من، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە گوتی کە ناتوانێت کەرکووک جێبهێڵیت و کێشەی بۆ دروستدەبێت، بۆیە لەگەڵم نەهات، ئیدی لە من دابڕا، ئەوەی کە دەگوترێت گوایە بۆمبی چێنراو لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە من ئاگادار نیم و زانیارییم نییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو پۆلیسی کەرکووک کە هێشتا لەسەر رووداوەکەی قسەی کۆتایی نەکردووە، لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
رۆژی 3-3-2023، ئەحمەد تاهیر ئیسماعیل، بەرپرسی پێشووى فەرمانگەى پاسەوانیى بەرەى تورکمانى لە کەرکووک لە رووداوێکدا گیانیلەدەستدا و دوو ئۆتۆمبێل لە ماڵەکەیدا سووتان، بەرەى تورکمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەحمەد تاهیر "تیرۆر کراوە"، لە رێگەى دانانى بۆمبێکى لکێندراو بەژێر ئۆتۆمبێلەکەیەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.