رووداو دیجیتاڵ
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگیران. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش دەڵێت بەهۆی تەمومژەوەیە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەمومژەوە لە نزیکەی کاژێر هەشتی ئەمشەوە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراون.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە راگرتنی گەشتەکان بەردەوام دەبێت، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا چەند گەشتێک دواخراون.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شێ و وەستانی با، لە ئەمشەو و بەرەبەیان و بەیانیی سبەی سێشەممەدا، تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، جگە لە بەشەکانی رۆژئاوا."
بەگوتەی عامر جابری، پێشبینی دەکرێت تەمەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی زۆری مەودای بینینی ئاسۆیی، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەدا بگاتە خوار 1000 مەتر و لەوانەیە لە هەندێکی دیکەدا بگاتە سفر، بەتایبەتی لەسەر رێگەوبانە خێراکان و ناوچە کراوەکان.
سەبارەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە فڕۆکەخانەکانی عێراق عامر جابری گوتی: "شتێکی ئاساییە بەهۆی تەمەوە گەشتەکان رابگیرێن، وەکو چۆن پێشتر روویداوە."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش، ئەم تەمومژەی سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە تاوەکو کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت، ئەمشەو کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت و مەودای بینین بۆ دوو کیلۆمەتر کەمتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ