جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.
 
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشی دەکات، لەبارەی رووماڵکردنی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ لە چەند رۆژی رابردوو لە لایەن تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنجی شەوی رابردوو رایگەیاند: "ئەمە کاری یەکەمجاری رووداو نییە. ئێمە سوپاسی دەکەین و دوێنێش جەنابی جێگری سەرۆکوەزیران بە فەرمی سوپاسی رووداوی کرد، بەهۆی ئەو هاوئاهەنگییە بەهێزەی لەنێوان ئەو کۆمیسیۆنە حکومییەی دروستکراوە و تۆڕی میدیایی رووداو هاتەئاراوە".
 
سەبارەت بە کاریگەریی هەڵمەتەکەی رووداو، شاهۆ عوسمان گوتی: "ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو هەیبوو، کارەکەی گەورەتر و باشتر کرد. من ئومێد دەکەم ئەمە ببێتە نەریتێک کە بۆ هەر شار و شارۆچکەیەک و هەر رووداوێکی سرووشتی یان هەر جۆرە رووداوێکی دیکە رووبدات، ئەم جۆرە هاوئاهەنگییە هەبێت، چونکە ئامانجی هەموومان خزمەتکردنە".
 
قەرەبووکردنەوە دەستپێدەکات
 
لەبارەی دۆخی ئێستای چەمچەماڵ، شاهۆ عوسمان گوتی، پرۆسەکە بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوەچووە، بە جۆرێک سەرەتا بە خاوێنکردنەوەی شەقام و کۆڵان و ماڵەکان دەستیپێکرد و ئێستا ئەو قۆناخە بەرەو کۆتایی دەڕوات. 
 
شاهۆ عوسمان گوتی: "لەمڕۆوە ئەرکمان ئاساییکردنەوەی دۆخی چەمچەماڵ و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانە. تیمە پسپۆڕەکان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانن و لە کاتێکی کورتدا کارەکە تەواو دەبێت. قەرەبووەکەش هەموو جۆرە زیانەکانی ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکان دەگرێتەوە".
 
سزادانی بەرپرسە کەمتەرخەمەکان
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی لافاوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، شاهۆ عوسمان گوتی، لیژنەی لێکۆڵینەوە بە هاوکاریی تیمێکی ئەندازیاریی زانکۆکانی چەرموو و سلێمانی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە وێڕای ئەوەی رووداوەکە سرووشتی بووە، بەڵام "کەمتەرخەمی" هەبووە کە بووەتە هۆی گەورەبوونی قەبارەی زیانەکان.
 
جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی: "کۆنووسی لیژنەکە دراوەتە جێگری سەرۆکوەزیران و بڕیاری پێویست دەرچووە. بەشێک لە بەرپرسەکان داوای بەخشینیان کردووە و رێکاری کارگێڕی بەرامبەریان دەستیپێکردووە بۆ دانانی کەسی جێگرەوە لە شوێنەکانیان. هیچ کەسێک لە سەرووی یاسا و لێپرسینەوە نییە".
 
شاهۆ عوسمان دڵنیایی دایە خەڵکی چەمچەماڵ کە قۆناخی دوای فریاگوزاری، قۆناخی "بووژانەوەی چەمچەماڵ" دەبێت و هەنگاوی زانستی دەنێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە لە شارەکە دووبارە نەبێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە