رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە رایگەیاند، هاوکاریی گەیاندووەتە زیاتر لە 1240خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی کەرکووک، چەمچەماڵ و گەرمیان. بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی دەزگاکە رایگەیاند: "هاوکارییەکە 1000 خێزانی چەمچەماڵی گرتووەتەوە".
رۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی دەزگای روانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێنج رۆژ بەردەوام هاوکارییەکانمان گەیاندە خێزانە زیانلێکەوتووەکان، لەو ماوەیەدا توانیمان کەلوپەل و پێداویستی بەسەر 1240 خێزان دابەش بکەین."
بە گوتەی حەسەن شێخ عەلائەدین، هاوکارییەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و لیژنەی بووژانەوەی چەمچەماڵ بووە. گوتیشی: "هاوکارییەکە 1000خێزانی چەمچەماڵ، 200 خێزانی کەلار و 40ـی کەرکووکی گرتووەتەوە."
دەزگای روانگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "لە ماوەی پێنج رۆژدا و بە هەوڵی بێوچانی بەردەوام، بە بەشداریی تیمێکی 100 کەسی لە کارمەندان و خۆبەخشان، دەزگای روانگە توانیی کەلوپەل و پێداویستییەکان بەسەر 1240 خانەوادە دابەش بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کۆمەک و پێداویستییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە قەزای چەمچەماڵ، ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە کە هەریەک لە گەڕەکەکانی راپەڕینی یەک و دوو، ئازادیی دوو، بێکەس، پورە گوڵێ، پیریادی، لە هەردوو قەزای کەلار و رزگاری و گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی ئازادی، سیروان، گۆران، سەرکەوتن و گردەگۆزینە دابەش کراوە."
دەزگای روانگە لەبارەی جۆری پێداویستییەکانەوە رایگەیاند، "100 هەزار مەتر رایەخ، 1240سۆپای تۆربۆ، 6200 بەتانیی دووکەسی، 6200 دۆشەک، 6200 سەرین لەگەڵ زیاتر لە 2000 قووتو شیر و کەلوپەل و پێداویستییەکانی دیکەی منداڵان دابەشکراون و چەندین داواکاریی دیکەی تایبەتی خێزانە زیانلێکەوتووەکان جێبەجێ کراون."
هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی باران باشووری کوردستانی گرتەوە، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو، بە تایبەتی لە چەمچەماڵ، لافاوەکە زیانێکی زۆری مادی لێکەوتووەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ