رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.
بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو، وردەکاریی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و دۆخی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەی خستەڕوو و گوتی: "فەرمانی دەستبەکاربوونی لیژنەی دابەشکردنی زەوی دەرچووە و ئێستا نزیکەی 2500 پارچە زەوی لەبەردەستدایە بۆ دابەشکردن."
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئاشکرا کرد کە چاوەڕێی زەوین و گوتی: "نزیکەی حەوت هەزار فەرمانبەر لە سنوورەکەمان چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین، کە 1035 کەسیان فەرمانی ساڵانی رابردوویان هەیە و شەش هەزار و 300 کەسیشیان ئەوانەن کە بڕیاری پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە، بەڵام پێویستی بە وردبینی و پێداچوونەوەی گشتیی هەیە."
خانووکردن لە 22 گوند راگیراوە
بڵند زێباری باسی لە گرفتێکی یاسایی کرد کە رووبەڕووی دانیشتووانی ئەو گوندانە بووەتەوە کە کەوتوونەتە نێو ماستەرپلانی شارەوانییەوە.
بڵند زێباری گوتی: "بەهۆی فراوانبوونی سنووری شارەوانی، 22 گوند هاتوونەتە سەر سنووری ئاکرێ. لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە بە نووسراوی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە زەویی نێو ئەو گوندانە بە تەواوی راگیراوە، ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر هاونیشتمانییان دروستکردووە و چاوەڕێی چارەسەری ئەنجوومەنی وەزیرانین."
نەبوونی نەختینە پڕۆژەکانی سست کردووە
سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمدا 14 ملیار دینار بۆ ئاکرێ تەرخانکراوە، حەوت ملیاریان جێبەجێکراوە و حەوت ملیارەکەی دیکەش چەند پرۆژەیەکن و لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ گوتی: "بەهۆی نەبوونی نەختینە (سیولە) لە دوو ساڵی رابردوودا، کارکردن لە پڕۆژەکاندا خاو بووەتەوە، بەڵام دوو مانگە پارە خەرج دەکرێت."
قەیرانی ئاو باخچەکانی وشک کردووە
بە گوتەی بڵند زێباری، بۆ خزمەتکردنی باخچەکانی شارەکە سێ کێشەی سەرەکییان هەیە کە بریتین لە "ئاو، کارمەند و بودجە".
بەپێی ئامارەکانی شارەوانی، 19 باخچە و پارک لەناو گەڕەکەکانی ئاکرێ هەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاو و کەمیی کارمەندەوە وەک پێویست نەتوانراوە خزمەت بکرێن.
ئێستا رێژەی سەوزایی لە ئاکرێ لەنێوان 10 بۆ 12%ـە، لەکاتێکدا بەپێی ستاندارد دەبێت 25% بێت.
پلان بۆ خەرجکردنی 67 ملیار دینار
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاشکرای کرد، ماستەرپلانی نوێی شارەکەیان ئامادەیە و پێویستیان بە 67 ملیار دینارە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی، لەوانە: (ئۆڤەرپاسی ئاکرێ، شەقامی 40 مەتریی باشقاڵ و شەقامی سیسنا.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی، رۆژانە تەنیا لە سەنتەری ئاکرێ 70 بۆ 75 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و لەگەڵ قەزاکانی بەردەڕەش و شێخان رۆژانە دەگاتە 220 تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ