رووداو- هەولێر
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە بەمنزیکانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-12-2025)، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دیدارەکەدا میر حازم تەحسین بەگ داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەک چۆن مووچەی پارێزگاکانی دیکەی وەکو ئەنبار و بەسرە دەنێردرێت.
بە گوتەی شنگالی، "سوودانی بەڵێنی داوە بەمنزیکانە مووچەکە رەوانە بکات."
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11یان وەرنەگرتووە. بەگوێرەش یاساش لە 25ی مانگە هەژماری دارایی دادەخرێت، بۆیە دوو مووچەی فەرمانبەران مەترسی فەوتانی لەسەرە.
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، میر حازم تەحسین بەگ داوایشی کردووە کوردانی ئێزدی قەرەبوو بکرێنەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە کە "عێراق بە فرەچەشنیی پێکهاتەکانییەوە بەهێزە، کە لەسەر بنەمای یەکێتیی نیشتمانی و بەهێزکردنی پێکەوەژیان دامەزراوە."
هەروەها رایگەیاندووە: "حکومەت کار دەکات بۆ پاراستنی مافی هەموو عێراقییەکان وەکو پابەندبوونێک بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، کە گەرەنتیی یەکسانی و جیاکاری نەکردن و پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینی دەکەن."
سوودانی جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی "پابەندە بە چاودێریکردنی دۆخی پێکهاتەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە، هەروەها پاڵپشتیکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە رێگەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی هەلومەرجی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاپۆکردنی خانووبەرە و زەوییە نیشتەجێبووەکان بۆ هاووڵاتییانی ئێزدی، کە رژێمی پێشوو بەهۆی سیاسەتە جیاکارییەکانییەوە رێگری لێ دەکردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ