کۆمیسیۆن خشتەی کارەکانی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رادەگەیێنێت

01-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو 10ى ئەیلوول خشتەى کارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رادەگەیێندرێت و لەهەمان مانگدا دەرگاى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانتێتییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێتەوە.
 
رۆژی 1ی ئەیلوولى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیار بوو 3ى ئەیلوول خشتەى کارى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رابگەیێندرێت، بەڵام بەهۆى چلەى ئیمام حوسێن ئەگەر زۆرە دوابکەوێت بۆ 10ى ئەیلوول."
 
عیماد جەمیل گوتى: "لەدواى تەواوبوونى قۆناخى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و وردبینی تێیدا، کە گەیشتووەتە زیاتر لە 200 هەزار نوێکردنەوە، هەر لەم مانگەدا کۆمیسیۆن دەرگاى ناوتۆمارکردنى  پارت و هاوپەیمانێتیەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکاتەوە".
 
سەرۆکاریەتیى هەرێمى کوردستان 25ى شوباتى 2024 ى دیاریکردووە وەک وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمی پەرلەمانى کوردستان.
 
رۆژی 30ى ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا بە "نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا، بەوپێیەش بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان هەڵوەشایەوەو دەبێت کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەو هەڵبژاردنە بکات.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەنێو ئەو خشتەى کارەکەدا بودجەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى تێدا دەبێت، کە لە بودجەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان دەدرێت.
 
لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق 345 ملیار دینار وەک بودجەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دانراوە، کە بۆ مووچەى فەرمانبەران و بەڕێوەبردنى ھەڵبژاردنەکان خەرج دەکرێت.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە