ئاکۆ محەممەد: دروستکردنی ئاشتی پێویستی بە ئازایەتییە و مرۆڤی ئازا ئاشتی دروست دەکەن

01-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو، کۆنفرانسی (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا) بەڕێوەدەچێت کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا دەکرێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە گوتارێکدا کە پێشکێشی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە کرد، گوتی: "ئەوانەی باسی ئاشتی دەکەن و هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن خوای گەورە خۆشیدەوێن و خەڵک پشتیوانیان دەکات." 

 

دەشڵێت: "دروستکردنی ئاشتی پێویستی بە ئازایەتییە، ئەوانەی ئاشتی دروست دەکەن مرۆڤی ئازان. سەرکەوتنەکانی شەڕ سەرکەوتنی کاتین، بەڵام ئاشتی سەرکەوتنێکی بەردەوامە." 
 
رۆژی جیهانیی ئاشتی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە دەکەوێتە رۆژی 21ی ئەیلوول، بەڵام هەندێک لایەن لە تورکیا رۆژی 1-9-2025 بە رۆژی ئاشتی دادەنێن، لەو رۆژەدا چەندین چالاکی لەلایەن دەم پارتییەوە دەکرێن، بە تایبەتی لە شاری ئامەد رێپێوان دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەشڵێت: ئەو پرۆسەیەی دەستپێکراوە لەلایەن بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەتی تورکیا و، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ نەهێشتنی شەڕ و دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام، هەست و هەناسەیەکی جیاواز و پڕ لە هیوای لە هەموو ناوچەکەدا دروستکردووە، رێگەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی فراوان کردووە. 
 
ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە کۆنفرانسەکە دا بەشدارن؛ لەو بارەیەوە، ئاکۆ محەممەد رایگەیاند: "ئەندامانی پەرلەمان لەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا بەشدارن لە دروستکردنی قۆناخێکی زۆر مێژووییدا، ئەوە شانس و دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوان هەڵکەوتووە کە بەشداری لە دروستکردنی ئەم قۆناخە مێژووییەدا بکەن لە تورکیا."
 
ئاکۆ محەممەد جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هیچ کەس و گەلێکی خاوەن دۆز و ئامانج لە ئاشتی ناترسێت، چونکە ئاشتی هێزی پێشکەوتنە بۆ ژیانی هەموو تاک و کۆمەڵگەکان، ئاشتی زەوینەی پێشکەوتنە بۆ هەموو تاک و کۆمەڵگەیەک. ئاشتی نیشانەی لاوازی نییە، چونکە ئاشتی خۆی هێزە. ئاشتییەکی پایەدار بە ماف و دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت گرەنتی سەقامگیری و پێشکەوتنێکی بەردەوام بێت بۆ هەموو ناوچەکە." 
 
دەقی گوتارەکەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو: 
 
ئامادەبووانی بەڕێز 
 
سڵاوی ئاشتیتان لێ بێت. لە زۆر ناوەندی تورکیادا ئەمڕۆ بە رۆژی ئاشتی دادەنرێت و هەروەها 21ی ئەم مانگە رۆژی جهیانیی ئاشتییە و ئەمڕۆ ئەم کۆنفرانسەمان لەسەر ئاشتییە  و لەژێر ناونیشانی (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا) بەڕێوەدەچێت. بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم، ئەوانەی لە تورکیاوە هاتوون و ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن لەم کۆنفرانسەدا. سوپاس بۆ ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو کە ئێمەی لەسەر ئەو پرسە گرنگە لێرە کۆکردووەتەوە.
 
ئەوانەی باسی ئاشتی دەکەن و هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن خوای گەورە خۆشیدەوێن و خەڵک پشتیوانیان دەکات. ئەو رێژە گەورەیەی پشتیوانی ئێستا لە تورکیادا بۆ ئاشتی هەیە، رێژەیەکی زۆر بەرزە و دڵنیام ئێستا بەرزتریش بووەتەوە، چونکە دوایین راپرسی بەر لە دوو مانگ کراوە و رێژەکە 68٪ بوو. کەواتە ئاشتی گەورەترین پشتیوانی جەماوەریی هەیە لە تورکیادا، ئەوانەی ئەم رێژەیان دروستکردووە یەک بە یەکیان ئەندامی بزووتنەوەیەکن کە زۆر بە بوێرییەوە لە تورکیا دەستی پێکراوە. هەروەها پشتیوانیکردن لە ئاشتی لە کوردستانیش دا زۆر فراوانە، بۆ نموونە لە هەندێک گوندی ناوچەی سنووریی لە هەرێمی کوردستان دا ئاهەنگی نەمانی شەڕ لەلایەن خەڵکی گوندەکانەوە گێڕدراوە، زۆر لە خەڵکی ئەو گوندانە دەستیانکردووە بە ئاواکردنەوەی خانووەکانیان، خەڵکی ئەم گوندانە و هەموو چین و توێژەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی لە رادەبەدەر بۆ ئاشتی دەردەبڕن. بێگومان پشتیوانی خەڵک هێزێکی زۆر گەورەیە بۆ سەرکەوتن و سەقامگیربوونی ئاشتی. 
 
ئەو پرۆسەیەی دەستپێکراوە لەلایەن بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەتی تورکیا و، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ نەهێشتنی شەڕ و دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام، هەست و هەناسەیەکی جیاواز و پڕ لە هیوای لە هەموو ناوچەکەدا دروستکردووە، رێگەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی فراوان کردووە. ئەو پرۆسەیە دەتوانێت زەوینەی گەشەکردنی رەگەزپەرستی لەنێوببات و زەوینەی هاوبەشی و هاوکاری زیاد بکات. ئەم پرۆسەیە مژدەیەکی گەورەی بڵاوبوونەوەی خۆشەویستی لەنێو گەلانی ناوچەکەدا لەگەڵ خۆی هێناوە و، زۆر گەورەترە لە پرۆسەیەکی تەنیا سیاسی. 
 
دروستکردنی ئاشتی پێویستی بە ئازایەتییە، ئەوانەی ئاشتی دروست دەکەن مرۆڤی ئازان. سەرکەوتنەکانی شەڕ سەرکەوتنی کاتین، بەڵام ئاشتی سەرکەوتنێکی بەردەوامە. ئەوانەی ئێستا لە تورکیا ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن لەپێناو ئاشتییەکی دامەزراو لەسەر دادپەروەری شانازییەکی مێژوویی گەورە تۆمار دەکەن بۆ خۆیان و گەلەکەیان و ناوچەکە و، بناخەی پێشکەوتنێکی گەورە بۆ گەلانی ناوچەکە دروست دەکەن. هەروەها ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دا بەشدارن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دا، شانازییەکی گەورە دروستدەکەن و دەرگای پێشکەوتنی ناوچەکە فراوان دەکەن . 
 
ئەمڕۆ ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەم کۆنفرانسەدا لەگەڵ ئێمەدا بەشدارن، دەمەوێت لێرەدا ئەوە بڵێم کە ئەندامانی پەرلەمان لەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا بەشدارن لە دروستکردنی قۆناخێکی زۆر مێژووییدا، ئەوە شانس و دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوان هەڵکەوتووە کە بەشداری لە دروستکردنی ئەم قۆناخە مێژووییەدا بکەن لە تورکیا. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەوان و گەلانی ناوچەکە. 
 
هیچ کەس و گەلێکی خاوەن دۆز و ئامانج لە ئاشتی ناترسێت، چونکە ئاشتی هێزی پێشکەوتنە بۆ ژیانی هەموو تاک و کۆمەڵگەکان، ئاشتی زەوینەی پێشکەوتنە بۆ هەموو تاک و کۆمەڵگەیەک. ئاشتی نیشانەی لاوازی نییە، چونکە ئاشتی خۆی هێزە. ئاشتییەکی پایەدار بە ماف و دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت گرەنتی سەقامگیری و پێشکەوتنێکی بەردەوام بێت بۆ هەموو ناوچەکە. 
 
هیوادارین ساڵی داهاتوو لە رۆژی جیهانیی ئاشتی دا هەموومان پێکەوە ناوچەیەکی ئارام و بەبێ شەڕ ببینین و، سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەی ئاشتی ببینین.
 
دووبارە دڵخۆشین کە ئێوە لێرە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبینین لەو کۆنفرانسەدا بۆ ئەوەی پێکەوە تەنیا باسی ئاشتی و ئاسۆکانی ئەو پێشکەوتنە بکەین کە ئینشاڵڵا ئاشتی دەبێتە هۆی بەدیهاتنی بۆ هەموو ناوچەکە . تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە، رووماڵێکی پیشەییانە دەکات بۆ ئەو پرۆسەیە و، بێگومان ئاشتی بۆ پێشکەوتنی کاری میدیاییش زۆر بەسوودە . 

 

دووبارە بەخێربێن و زۆر سوپاس. 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.