رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی پێشووی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری دەڵێت، ''پێویستە سەرەتا چەکەکان بێدەنگ بکرێن. چەکدانانی پەکەکە تورکیا بەهێزتر دەکات.'' ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا و ستەمکردن لە خەڵک هۆکار بوون بۆ گەورەبوونی پەکەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە 01-09-2025، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆنفرانسێک لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بە ناونیشانی (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە) لە هەولێر بەڕێوەدەبات، کە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی لایەنەکانی تورکیا و کەسایەتییە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن.
مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، ''بە پڕۆسەیەکی گەلێک گرنگدا تێدەپەڕین، نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە ناوچەکانی دەریای رەش و دەریای سپیش شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوام هەن کە پارچەیەکن لە جوگرافیای ئێمە.''
مەهدی ئەکەر ئاماژەی بەوە کرد، ''لەنێو ئەو ئێش و ئازارەی ناوچەکەدا گەشەپێدانێکی ئەرێنی لە تورکیا هەیە کە دڵی ئێمە خۆش دەکات و هیوامان زیاتر دەکات، ئینجا [جیاوازی نییە] با ناوی بنێن تورکیای بێ تیرۆر یان پڕۆسەی ئاشتی.''
وەزیرە پێشووەکەی تورکیا باسی لە پێشینەی دروستبوونی گرژییەکانی رابردوو لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا کرد و گوتی، ''ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات لەناکاو دەرنەکەوتووە، بۆیە پێویستە لەسەر مێژووی رووداوەکانیش گفتوگۆ بکەین.''
بە گوتەی مەهدی ئەکەر، هێشتا کاریگەرییەکانی شەڕی جیهانیی یەکەم بەردەوامە کە ئامانجەکەی ''رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێزۆپۆتامیا'' بوو، ''پلانی ئەورووپییەکان ئەوە بوو داهات و نەوتی ئێمە ببەن و لە ئەورووپا پیشەسازیی خۆیان بونیات بنێن.''
وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە دابەشکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ''نابێت ئەم راستییە لەبیر بکەین حکومەتی ئیسرائیل هۆکاری سەرەکییە.''
''هەڵەکانی دەوڵەت هۆکاری گەورەبوونی پەکەکە بوو''
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت.
وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک پەکەکە دروستبوو، لایەنێکی ئەوتۆی دیکە نەبوو کە خەڵک بە دڵ و گیان پاڵپشتی بکەن؛ هەروەها گەلێک هەڵەی دەوڵەت هۆکار بوون بۆ ئەوەی پەکەکە گەورە ببێت.
مەهدی ئەکەر گوتی، ''لەبری ئەوەی دەوڵەت گوێ بداتە ئازار و داخوازییەکانی خەڵک، ستەمی لێکردن، بە جۆرێک ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکانیان و کۆچکردن بوون و لە شارە گەورەکان کەوتنە بەر شەپۆلی رەگەزپەرستی.''
لە ئایاری ئەم ساڵدا پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
ئەو وەزیرە پێشووەی تورکیا گوتی، ''پڕۆسەی چارەسەری دەتوانێ هەمووان پێکەوە بکاتە گەلێکی گەورە. ئەگەر بیر لە نرخی هاوبەشی خۆمان، کولتووری هاوبەشمان و نرخی ئایینی خۆمان بکەینەوە و سنووری دەستکرد لەبەرچاو نەگرین، دەتوانین جارێکی دیکە بەهێز بین و پڕۆسەکەی دەتوانێ ببێتە پڕۆسەی سەرلەنوێ بونیاتنانەوە.''
بەگوتەی مەهدی ئەکەر، لە رۆژانی شەڕدا کاتێک گوندەکان چۆڵکران و خەڵک ستەمیان دەبینی، ''نەچوونە دهۆک و مهاباد، بەڵکو چوونە شارەکانی دیکەی وڵاتی خۆیان وەک مێردین، ئەنتاڵیا و ئیستەنبووڵ، چونکە دەیانزانی رۆژێکی وەک ئەمڕۆ [بۆ پڕۆسەی چاەرسەری] دێ. کەرکووک چەندە تورک بێت، ئیستەنبووڵیش ئەوەندە کوردە.''
''چەکدانانی پەکەکە تورکیا بەهێزتر دەکات''
مەهدی ئەکەر ئاماژەی بە پرسی چەکدانانی پەکەکە کرد و گوتی، ''پێویستە سەرەتا چەکەکان بێدەنگ بکرێن. چەکدانانی پەکەکە تورکیا بەهێزتر دەکات، دواتر پێویستە بە برایەتی و بە شێوەی دۆستانە گفتوگۆ بکرێت.''
وەک وەزیرەکەی پێشووی کشتوکاڵی تورکیا دەڵێت، هەندێک لایەن لەنێو تورکیا و دەرەوەی وڵاتەکە پڕۆسەی ئاشتی بە لەنێوچوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن و ''چی لە توانایاندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی بەربەست بۆ ئاشتی دروست بکرێ. تەنانەت هەندێکیان بەڵێنی بە کورد دەدەن، بەڵام کورد لە بەڵێنەکان تێر بوون.''
مەهدی ئەکەر لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، ''تەنیا یەک رێگە لە بەردەم ئێمەدا هەیە، ئەویش ئاشتی و برایەتییە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ