رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە رایگەیاند، پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری لە تورکیا، بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و تەنانەت ئەگەر ئاکپارتیش لە دەسەڵات نەمێنێت، "پرۆسەکە بەردەوام دەبێت."
ئۆغوز کائان سالیجی، پەرلەمانتاری جەهەپە یەکێک بوو لە میوانەکانی کۆنفرانسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، کە تایبەت بوو بە پرۆسەی چارەسەریی کورد لە تورکیا.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە، کە قسەکەری پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکە بوو، رەتیکردەوە پارتەکەی دژایەتی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بکات و گوتی: "لە ساڵی 2013-2015، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، ئامادەیی نیشاندا بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەکە، بەڵام پارتی دەسەڵاتداری ئەوکات نەیویست هاوبەشێکی هەبێت بۆ ئەوەی دەستکەوتەکان بۆ خۆی تۆمار بکات."
سالیجی ئاماژەی بەوەدا کە "مێژووی جەهەپە نیشانیدەدات هەمیشە داوای چارەسەری کێشەی کوردی بە رێگەی دیموکراسی کردووە."
ساڵی 2013ـەش پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد، تەنانەت چەند گەریلایەک وەکو پیشاندانی نیازپاکی گەڕانەوە تورکیا، بەڵام دواتر بەهۆی کوشتنی دوو پۆلیسەوە پرۆسەکە لە بارچوو.
پرۆسەی ئەمجارەش بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2024 داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد، داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت.
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە جەختی لەسەر جیاوازییەکانی پرۆسەی ئێستا و رابردوو کردەوە و گوتی: "لە پرۆسەی ئەمجارەدا لیژنەیەک پێکهێندراوە، کە نەک تەنیا پارتێکی سیاسی، هەموو پارتەکان ئەندام و نوێنەریان تێدایە."
ئەو روونیکردەوە کە ئەمجارە پارتی دەسەڵاتدار تاکە گەرەنتیکار نییە و تەنانەت مەهەپەش کە لە رابردوودا دژی پرۆسەکە بوو، ئێستا لایەنی سەرەکیی گەرەنتیکارە.
سالیجی گوتی: "پرۆسەی یەکەم بەشێک نەبوو لە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵکو هەوڵێکی پارتی دەسەڵاتدار بوو، بەڵام ئێستا پرۆسەکە هەوڵێکی پارتی دەسەڵات و بەشێکە لە سیاسەتی دەوڵەت." بۆیە بۆچوونی وایە "ئەگەر دەسەڵاتیش بگۆڕدرێت، درێژەدان بەم پرۆسەیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو پارتانەی لە داهاتوودا دەسەڵات وەردەگرن."
گۆڕینی دەستوور کاری لێژنەکەی پەرلەمان نییە
بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ''لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) پێکهێندراوە.
لیژنەکە تاوەکو ئێستا 7 جار لەگەڵ چین و توێژەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیدا لە 28ـی ئەم مانگە میوانداری سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد.
سالیجی روونیکردەوە کە بابەتی هەمواری دەستوور لە کارنامەی لیژنەی پەرلەماندا نییە. لیژنەکە کار لەسەر داڕشتنی چوارچێوەی تایبەت بە نەخشەڕێگە و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات. گفتوگۆ لەبارەی دەستوور دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە و لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەماندا دەکرێت.
سنوورەکان دەگۆڕێن و دەبێت تورکیا ئامادە بێت.
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد و گوتی: "لە ماوەی ساڵێک و نیوی رابردوودا رووداوی گرنگ و مەترسیدار روویانداوە، کە پێدەچێت سنوورەکان بگۆڕێن." بۆیە داوا لە تورکیا دەکات، کە دەست بە ئاسایشی نیشتمانی و سنوورەکانییەوە بگرێت، هەروەها برایەتی و تەبایی نێوان تورک و کورد بەهێز بکات.
سالیجی پێیوایە پرسی سووریاش دەبێتە بەشێک لە پاکێجی پرۆسەکە. بە بڕوای ئەو، ئەگەر پرسی سووریا بەرەو خاڵێکی باشتر هەنگاو بنێت، بەتایبەتی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، ئەوا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پرۆسەی چارەسەری ناو تورکیا دەبێت.
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ