رووداو دیجیتاڵ
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، گوتەبێژی پێشووی بەرەی گەل دەڵێت، پێش رووداوەکانی لالەزار بە زیاتر لە دوو مانگ پەیوەندی بە حیزبەکەوە نەماوە.
بەختیار شاوەیس، گوتەبێژی پێشووی بەرەی گەل، ئەمڕۆ دووشەممە پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "لە 02ـی مانگی شەش پێش کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکاری لیستی هەڵبژاردن، سەردانی کاک لاهوورم کرد و پێمگوت، دەمەوێت لە ماڵەوە دانیشم؛ وازبهێنم و بچمەوە ماڵی خۆم و سەرقاڵی ژیانی خۆم بم".
لەبارەی بۆچوونی لاهوور شێخ جەنگییەوە لەسەر داواکەی، بەختیار شاوەیس دەڵێت: "ئەو گوتی من پێم سەیرە وا دەڵێی! دەمەوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ داوات لێبکەم ببیتە سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە پارێزگای سلێمانی. منیش گوتم کاک لاهوور سوپاست دەکەم و من خۆم پێشتر 8 ساڵ لە بەغدا پەرلەمانتار بووم، بەڕاستی تاقەتم نەماوە".
بە گوتەی خۆی، بۆ وازهێنانی لە بەرەی گەل هەندێک "کێشەش هەبوون و بەشێکیان کەسیی بوون و بەشێکیشیان پەیوەندییان بە کاروباری حیزبییەوە هەبووە".
پەیامەکەی بەختیار شاوەیس لە شوێنێکدا تۆمارکراوە، کە لە ستۆدیۆ دەچێت و بە زیاتر لە کامێرایەک تۆمارکراوە.
بەختیار شاوەیس دەڵێت، سەرۆکی بەرەی گەل دوای ئەوەی بڕوای بە قسەکانی هێناوە بۆ وازهێنان، لێی پرسیوە چۆن وەڵامی خەڵک دەداتەوە کە پرسیاری دەستبەرداربوونی لە بەرەی گەل لێدەکەن و ئەویش گوتویەتی: "گوتم کاک لاهوور دڵنیات دەکەمەوە، بەهیچ شێوەیەک لەلایەن منەوە هیچ باس ناکرێت، وەڵامی راگەیاندنەکانیش نادەمەوە".
گوتەبێژی پێشووی بەرەی گەل گوتی: "دەمەوێت هەندێک خاڵ روونبکەمەوە لە 02ـی مانگی شەش بۆ 22ـی مانگی 8، لەو ماوەیەدا ئەگەر پەیوەندیم بە هەر لایەنێکی سیاسییەوە بکردایە زۆر بە ئاشکرا بڵاوم دەکردەوە".
بەختیار شاوەیس پێشتر چەندین وێنە و ڤیدیۆی خۆی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی لە پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردوونەتەوە، بەڵام دواتر سەرجەمیانی سڕیونەتەوە.
گوتەبێژی پێشووی حیزبەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەو ماوانەی لە ماڵەوە بووم، ئەو راگەیێندراو، وێنە و چالاکییانەی هەم بوون لە پەیجەکەم بەپێویستم نەزانی بمێنن، کە من لە حیزبێک نەماوم و باوەڕم پێیان نەماوە و پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە، بۆیە هەموو وێنە و بابەتەکانم سڕییەوە، بەڵام دوای رووداوە نەخوازراوەکانی 22ـی ئاب سەرنجێکی زۆر خرایە سەرم، تانەم لێدراو دەگەڕان بۆ وێنەکانی نێو پەیجەکەم، ئەمەیان کردە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خۆیان".
بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت کە وایان پێگوتووە، بەختیار شاوەیس دەڵێت: "زۆر جار دەگوترا کە من هێشتا تێڕوانینم یەکێتییانەیە و ناتوانم بە شێوەیەکی تووند قسە لەسەر نایەکسانی و کێشەکانی نێوخۆی یەکێتی بکەم.. جارێکیان چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کراو هەندێک باسی ئەو کێشانە کرا، من باسی ئەوەم کرد، کە هەر کوڕی ماڵی مام جەلالم، من لە ماڵی مام جەلال کاک شێخ لاهووریان پێ ناساندووم".
بەختیار شاوەیس ساڵی 2021 گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بوو، دوای رووداوەکانی 8ـی تەمموزی هەمان ساڵ، چووە بەرەی لاهوور شێخ جەنگییەوە.
دوای پێکدادانەکانی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و هێزەکەی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە لە بەختیار شاوەیس دەگیرا، کە هەڵوێستی نییە و وێنەکانی خۆی و لاهوور شێخ جەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕیوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ