شارەوانیی سلێمانی بۆ ئەو مامۆستایانەی ناویان لە تیروپشکی زەوی دەرنەچووە: دەتوانن تانە بدەن

01-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتایی هەفتەی رابردوو ناوی هەزاران فەرمانبەر کە لە سنووری سلێمانی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببوون، بڵاوکرایەوە. بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێ: "هەر مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک ناوی دەرنەچووە و هەست دەکات هەڵەیەک هەیە، دەتوانێ تانە بدات".
 
01ـی ئەیلوولی 2025، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە ناوی 17 هەزار سوودمەندبوو لە وەرگرتنی زەوی بڵاوکرایەوە. هەر فەرمانبەرێک ناوی نەهاتووەتەوە و هەست دەکات هەڵەیەک هەیە، دەتوانێ لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیەوە تانە بدات".
 
بە گوتەی زەردەشت رەفیق، ناوی مامۆستایان و فەرمانبەران بەپێی کۆمەڵێک مەرج دەرچووە و هەر کەس مەرجی زیاتری تێدا بووبێ، ئەگەری وەرگرتنی زەوییەکەی زیاتر بووە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێ: "ئەو قۆناخەی هەفتەی رابردوو، قۆناخی دووەم بوو. ئێستا ئامادەکاری بۆ قۆناخی سێیەم دەکەین".
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "هەر مامۆستا و فەرمانبەرێک دەیەوێ تانە لە دەرنەچوونی ناوەکەی لە تیروپشکی ئەلیکترۆنیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بدات، دەبێ داواکارییەکی نووسراو پێشکێشی لیژنەکەمان بکات تاوەکو ئێمەش سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لێ ئاگادار بکەینەوە".
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "دواکات بۆ وەرگرتنی تانە 04-09-2025ـە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسەی تانە دەدات، دەبێ ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێ:
 
1- رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی زەوی هەبێ.
 
2- کارتی زانیارییەکەی سەنتەری شاری سلێمانی بێ.
 
3- کۆی خاڵەکانی لە کەمترین خاڵی دەرچوو لە تیروپشکەکە کەمتر نەبێ؛ زانیاریی کەمترین خاڵی دەرچوو لای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە نییە و لای سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییە، بۆیە ئەو بەراوردکارییە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی جێدەهێڵدرێ.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەدا دا کە پێشتر سوودمەند نەببوون.
 
بڕیارەکە لە 28-05-2024 لە ژمارە 219ی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە؛ دابەشکردنەکەش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. سێ مەرجیش دیاریکراون کە بریتین لە: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە