دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ گۆڕستانێکی دەرخست کە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە

02-09-2025
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
یەکێک لە گۆڕە دۆزراوەکان.
یەکێک لە گۆڕە دۆزراوەکان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ، گۆڕستانێکی شوێنەواری دۆزرایەوە کە 40 گۆڕی تێدایە. گۆڕەکان بە شێوەیەکی هێلکەیی و بە خۆڵ دروستکراون.
 
گۆڕەکان 130-140 سانتیمەتر درێژن و 65-70 سانتیمەتر پانن. گۆڕستانەکە دەبێتە دوو بەشەوە؛ بەشێکی بۆ منداڵان و ئەوی دیکەشی بۆ ناوجەوانان. هەموویان بە یەک ریز و بە ئاراستەی باکوور نێژراون. 
 
نازم زێباری، شوێنەوارناس دەڵێت: "ئەو کەسانەی لەنێو ئەم گۆڕانەدا یان لەنێو ئەم تابووتانەدا نێژراون، بە شێوازێک دانراون کە دەستەکانیان بەم شێوەیە بچووککراونەتەوە، ئەگەر سەیری بکەین ئەگەر بە شێوازێکی بچووک نەبن ناچنە نێو ئەم گۆڕانەوە و هەروەها شێوازەکە هێلکەییە یان وەک هێلکە وایە چونکە بیروبۆچوونەکانیان ئەوە بووە مرۆڤ دوای مردنی دەگەڕێتەوە هەمان خاڵی دەستپێک کە منداڵێکە و لە سکی دایکیدایە."
 
گۆڕستانەکە دەکەوێتە سەر گردی تاس لەگ لەگ لە گوندی خانکێی کۆن سەر بە ناحیەی خانکێ لە قەزای سێمێل. لە ساڵی 1986 ژێر ئاو کەوتووە. مێژووەکەی بۆ سەردەمی هێلنستی – سلووقی لە سەدەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
 
ئەم شوێنە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەکانی دهۆکەوە ئاشکرا کراوە. زیاتر لە هەفتەیەکە تیمێکی 40 کەسی بە سەرۆکایەتیی دکتۆر بێکەس بریفکانی کاری تێدا دەکەن. 
 
ئەحمەد شوکری، شوێنەوارناس دەڵێت: "ماوەی هەفتەیەکە ئێمە لێرە کار دەکەین، تیمەکەمان پێکدێت لە خەڵکی دهۆک و زاخۆ و دەوروبەری کە دەتوانم بڵێم شوێنەوارناسانی خۆماڵین، لێرە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زۆر باش کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی دەربهێنین بۆ ئەوەی کاتێک دەیانبەینە مۆزەخانە شێوازەکەیان تێکنەچێت و بە هەمان شێوازی دروستکراون ئێمە قەد و پارچەکانیان پێکەوە دەنێین دەیانبەینە مۆزەخانە بۆ ئەوەی لەوێ کارێکی زانستییانە و کارێکی باشی بۆ بکەین."
 
لە تەنیشت گۆڕستانەکە شارێکیش دۆزراوەتەوە لەسەر ئەو گردە. چەندین پارچەی شوێنەواریی سەردەمە جیاوازەکانی تێدا دۆزراوەتەوە.
 
دوای ئەوەی ئەم پارچانە دەگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی دهۆک، کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەسەریان دەکرێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.