پەرلەمانتارێکی سەعادەت: لە پرۆسەی چارەسەریدا دیوی ئەمنی و سەربازی لەپێش ئازادییەکانەوەن

01-09-2025
هێمن عەساف
بووڵەنت کایا، پەرلەمانتاری سەعادەت.
بووڵەنت کایا، پەرلەمانتاری سەعادەت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بولەنت کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و ئەندامی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیەنێت، پرۆسەی چارەسەریی ئێستای تورکیا جیاوازە لە پرۆسەکانی پێشوو، چونکە ئەمجارە پێداویستییە ئەمنی و سەربازییەکان پێش داواکارییەکانی ئازادی و دیموکراسی دەکەون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 01-09-2025 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆنفرانسێکی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بە ناونیشانی (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە)ـی لە هەولێر بەڕێوەبرد کە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی لایەنەکانی تورکیا و کەسایەتییە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بوون. 
 
بولەنت کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و ئەندامی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکەی رووداو، بۆچوونی پارتەکەی لە بارەی پرۆسەکە خستەڕوو.
 
"پێداویستیی ئەمنی و سەربازی، هۆکاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەیە"
 
بولەنت کایا دەڵێت، لە پرۆسەی یەکەمی چارەسەریدا (نێوان 2009-2012)، بابەتی ئازادی و دیموکراسی و کرانەوە بەڕووی کورد دا، مانشێتی سەرەکی بوو، بەڵام لە پرۆسە نوێیەکەدا کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد، دۆخی ئەمنی و سەربازی پێش هەموو شتێک کەوتووە. 
 
ئەو گوتی: "پێداویستییەکی ئەمنی و سەربازی سەریهەڵدا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە. بە واتایەکی دیکە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان ریزبەندی یەکەمی پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەکە بوو."
 
کایا روونیکردەوە کە پرۆسەی ئێستا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دۆخی ئەمنی و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە هەیە، بەتایبەتی لە باکووری ئەو وڵاتە. مەرجی سەرەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بووە. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی شاندی دەم پارتی (پارتی دیموکراسیی گەلان)، بانگەوازێکی بۆ پەکەکە کرد بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی سەعادەت دەڵێت، ئێستا چاوەڕوانییەکان بریتین لە خێراکردنی پرۆسەی چەکدانانی راستەقینە و تەواو. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری بەرچاو لە باکووری سووریا رووبدات بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا.
 
دیدگای جیاوازی لایەنەکان لە لیژنەکەدا
 
بولەنت کایا باس لە جیاوازییەکی دیکەی پرۆسەی ئەمجارە و پرۆسەکانی رابردوو دەکات، کە ئەویش پێکهێنانی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"یە لە پەرلەمان، کە تاوەکو ئێستا کارەکانی بە سازان و رێککەوتنی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچووە. 
 
ئەم لیژنەیە تاوەکو ئێستا 7 جار لەگەڵ چین و توێژەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیدا لە 28ی ئەم مانگە میوانداری سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد.
 
کایا گوتی: "حکومەتی تورکیا تەنیا لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئەمنی و سەربازیدا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکات و سنوورداری دەکات بە چەکدانانی گەریلاکان، بەڵام لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کە ئەندامی لیژنەکەن، جگە لە بایەخدان بە چەکدانان،  لەو باوەڕەدان کە دەبێ ئازادییەکان و یاسا و ماف و یەکسانی هێندەی بابەتی ئەمنی و سەربازیی بایەخیان پێ بدرێت."
 
هەموارکردنی یاسایی و گۆڕانکاری کارگێڕی
 
بولەنت کایا باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە مژارە هەستیار و گرنگەکانی کاری لیژنەکە، هەموارە یاساییە پێویستەکان و هەندێک گۆڕانکاری کارگێڕی و بابەتە جیاوازەکانی دیکەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی کێشە و تووندوتیژییەکان.
 
بە گوتەی کایا، دەسەڵات لە پەرلەماندا ناچار بووە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ زۆرینە و کەمینە ببات، هەوڵ بدات کێشەکان بە دانوستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکات، کە ئەمەش دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی فرەڕەهەند.
 
دانوستاندنی راستەوخۆی دەوڵەت و ئیمراڵی
 
کایا ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا دەوڵەت و ئیمراڵی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە دانوستاندن و گفتوگۆی راستەوخۆدان بۆ ئەوەی پرۆسەی چەکدانان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت و ئەو پلانەی داڕێژراوە بە قۆناخبەندی لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێ بکرێت.
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی سەعادەت لە دیوی سووریاش کاری جدی دەکرێت تاوەکو هێڵە سوورەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت و نیگەرانییەکانی ئەوێ بڕەوێندرێتەوە. ئەم بابەتانە دواتر بە ئامادەکراوی دەگاتە دەستی لیژنەکە و لەوێ کاری یاسایی، سیاسی، کارگێڕی و دەروونی بۆ دەکرێت.
 
بولەنت کایا پێشنیاری کرد دەسەڵات هەندێک هەنگاوی کردەیی دیکە بنێت، وەک کۆتاییهێنان بە بابەتی قەیوومەکان و گەڕاندنەوەی شارەوانییەکان، بۆ ئەوەی "نیازپاکی و زەوینەیەکی بەرچاو دابڕێژرێت بۆ هەنگاوی زۆر گەورەتر."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.