لە بەنداوی دەربەندیخان بە هەزاران ماسی مردن

01-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی 6 هەزار ماسی مردوون و سەرئاو کەوتوون. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ماسییەکان بە بچووکی تێکەڵی حەوزی ماسی بوون و بەهۆیەوە لەنێوچوون.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمێکی تایبەتمەند چووە بەنداوەکە، دەرکەوت ئەو ماسییانەی مردوون کێشیان 50 بۆ 60 گرام دەبێت و لە جۆری چاتکەن".
 
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: "هۆکاری مردن و لەنێوچوونی ماسییەکان نەخۆشی نەبووە و بەدووریشە لە راوکردنی نایاسایی و مادە ژەهراوییەکان".
 
لەبارەی هۆکاری مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکانیش سلێمان محەممەد گوتی: "ئەو ماسییانەی مردوون بە بچووکی چوونەتە نێو قەفەسی هەڵواسراوی حەوزێکی بەخێوکردنی ماسی و دوای گەورەبوونیان نەیانتوانیوە بچنە دەرەوە، خاوەنی حەوزەکە کاتێک ماسییەکانی خۆی دەرکردووە بە نادروستی مامەڵەی لەگەڵ ماسییەکان کردووە و بووەتە هۆکاری لەنێوچوونی ئەو ماسییانەی لە دەریاچەکەوە چوونەتە حەوزەکەوە".
 
لە پێناو رێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بۆنی ناخۆش، قایمقامییەتی دەربەندیخان بە شێوەیەکی زانستی ماسییەکانی لەنێوبردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە