رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەنامەیەکی نوێی مێژوویی، کە بۆ ساڵی 1999 دەگەڕێتەوە، وردەکاریی پلانی راگواستن، بەعەرەبکردنی پلان بۆ داڕێژراو و کۆچپێکردنی بەزۆری خێزانە کورد و تورکمانەکانی کەرکووک ئاشکرا دەکات. ئەم بەڵگەنامانە تیشک دەخەنە سەر پاساوەکانی ئەو پرۆسەیە، ژمارەی خێزان و کەسە زیانلێکەوتووەکان و چارەنووسی موڵک و ماڵیان.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکاری راگواستنەکە "تەنیا ئەمنییە" و ئەم دەستەواژەیەش وەکو پاساوێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەکارهاتووە.
بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە دەیان خێزان و سەتان کەس، کە زۆربەیان کورد و تورکمان بوون، لە ناو شاری کەرکووکەوە بۆ پارێزگای سلێمانی راگوێزراون.
رێکارەکانی راگواستنیان بەمشێوەیە بوون:
- خێزانەکان لە ماوەی دوو بۆ پێنج رۆژدا دوای دەرچوونی فەرمانەکە راگوێزراون.
- رێگەیان پێدراوە تەنیا کەلوپەلی نێوماڵیان لەگەڵ خۆیان ببەن، بەبێ ئامێرە کارەباییەکان.
- دەست بەسەر موڵکە نەگواستراوە، وەکو خانووبەرە، گیراوە و بە "موڵکی دەوڵەت" هەژمار کراون.
لە بەڵگەنامەکە کاروانی خێزانی راگوێزراوەکان لە کاروانی ژمارە 31 تاوەکو کاروانی ژمارە 35 ئاماژەی بۆ کراوە، ئەمەی دواییان ژمارەکانی دەرنەکەتوون.
کاروانی ژمارە 31 پێکهاتووە لە 11 خێرانی کورد و دوو خێزانی تورکمان، کاروانی 32 لە 14 خێزانی کورد و یەک خێزانی تورکمان. کاروانی 33 لە 6 خێزانی کورد و یەک خێزانی تورکمان و کاروانی ژمارە 34 لە 6 خێزانی کورد و دوو خێزانی تورکمان پێکهاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ