رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە حەوت مانگی ئەم ساڵدا دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین و پاشماوەی جەنگ پاککراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەم ساڵ بەهۆی مینەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە."
رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵەکانمان بۆ پاککردنەوەی هەموو خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی بەردەوامن و لە 7 مانگی ئەم ساڵدا دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی پاککراوەتەوە."
ساڵی 2023 دەزگاکە زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککردبووەوە. پاریش زیاتر لە 3 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین پاککرایەوە، ئەوە بە گوێرەی سەرۆکی دەزگاکە.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لەبارەی ئەم ساڵەوە دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ بتوانین زیاتر لە پار و پێرار پاکبکەینەوە، چونکە هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مینڕێژکراوە. جەبار مستەفا دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 576 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکەش ماوە."
بە گوتەی جەبار مستەفا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 10 کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ساڵی 2023، 23 کەس و ساڵی رابردووش 8 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەکو پار 13 هەزار و 580 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی، لەوانە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی هەشت هەزار کەسیش بوونەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت، 36 کارمەندی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 65یشیان بوونەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ