رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێ، مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکەش دەڵێت:"لە چەند کاژێری داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکەینەوە".
رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یەک تریلیۆن و حەوت ملیار و 352 ملیۆن دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند کاژێری داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکەینەوە. لیستەکە هاوشێوەی مانگەکانی دیکەیە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا نەکراوە".
26ـی ئابی 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ و تەنیا مەرجی عێراق رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بوو.
رۆژی 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ