رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق تائێستا بە فەرمی دووجار دەنگدانی بە پڕۆژەیاسای هەڵەبجە دواخستووە و دوایین جار داوای کردووە سەرلەنوێ نەخشەی پارێزگاکە دیاری بکرێت. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، داواکاریی گۆڕینی نەخشە تەنیا پاساوێکە بۆ دواخستنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
دوای ئەوەی دوێنێ بۆ جاری دووەم پەرلەمانی عێراق دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دواخست، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داواکردنی نووسینەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە نەخشەدا "پاساوە بۆ دواخستنی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە"، چونکە نەخشە و رێکارەکانی گەیاندنی نەخشە وەکو خۆی کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوایکردووە، پەسندکراوە و پێیاندراوە.
کاوە عەلی گوتی: "9ـی تەممووزی ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق نەخشەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەی بۆ ئێمە نارد، ئێمەش بەبێ دەستکاری و بە کوالێتیی بەرزتر نەخشەکەمان رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد. پەرلەمان نەخشەکەی لە 19ـی تەممووز دایە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەوانیش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد؛ ئەنجوومەنیش دایە وەزارەتی ناوخۆ و ئەوانیش 9ـی ئاب بۆ ئێمەیان نارد، 13ـی ئاب وەڵاممان دانەوە و رامانگەیاند، نەخشەکە دروستە و وەکو خۆی ناردمانەوە، ئەوانیش 30ـی ئاب رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردەوە و بڕیار بوو سەرەتای ئەیلوول ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەوانەی پەرلەمانی عیراقی بکاتەوە".
لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردا دەرهێنرا و دواخرا. پێشتریش بڕیار بوو لە کۆبوونەوەی رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بەهۆی نەچوونی بەشێکی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوە و تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبووان، دانیشتنەکە نەکرا.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە و هۆیەکانی دەرچوونی پێکهاتووە، کە ئەمانەی خوارەوەن:
مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی کردووە کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە بێت.
مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن. هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە "وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن."
مادەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق، رووبهرهكهی 1,599 كیلۆمهتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 135 هەزار کەس دەبێت و لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستاندا 75 کیلۆمەتر سنووری هەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ