رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی سێیەمی بۆ پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی پەسندکرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (01-10-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی بۆ ئەو قوتابیانەی لە خولی دووەمی ساڵی خوێندنی 2023-2024 کەوتوون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە تەنیا ئەو قوتابیانە ناگرێتەوە کە لە تاقیکردنەوەکان گزیان کردووە.
رۆژی شەممە لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی تاوتوێکردنی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بوو بۆ پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ قوتابییانی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی."
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی، بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم، رۆژی 18 ئەم مانگە لیژنەی پەروەردە نووسراوی بۆ وەزارەتی پەروەردە کردبوو، ئەوەی رۆژی شەممە کرا نووسراوێکی دووپاتکردنەوە بوو بۆ وەزارەتی پەروەردە.
نەجوا حەمید گوتی، تاقیکردنەوەی خولی سێیەم ئەو قوتابییە ئاوارانەش دەگرێتەوە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن.
رۆژی 22-09-2024 ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق بە بەشداری زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ