بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی: دەبێت هەموو مامۆستایانمان، وانەی تورکی بخوێنن

01-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی لە پەروەردەی هەولێر دەڵێت، کێشەی سەرەکییان ئەوەیە مامۆستاکانیان خوێندنیان بە شێوەیەکی ئەکادیمی نەبووە؛ بۆیە "ئەوە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر قوتابیانیش هەبووە". بە گوتەی ئەحمەد سەید یەعقوب، ئەو دۆخە وایکردووە کە لە کاتی دانانی پرسیارەکاندا، تەنانەت ئەگەر مامۆستاکان لە بابەتی پسپۆڕی خۆشیاندا بەتوانا بن، لەڕووی رێزمانییەوە هەڵە بکەن.
 
ئەم گرفتە لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12دا دەرکەوت، کاتێک دەرنەچوونی ژمارەیەک قوتابی لە وانەی زمانی تورکی کاردانەوەی لێکەوتەوە. لەکاتێکدا قوتابییان باسیان لە بوونی حەوت پرسیاری هەڵە دەکرد، ئەحمەد سەید یەعقوب هۆکارەکەی بۆ "هەڵەیەکی کۆمپیوتەری" لە کاتی پشکنینی وەڵامەکان گەڕاندەوە و گوتی، کێشەکە چارەسەرکراوە و نمرەی قوتابییەکان راستکراوەتەوە، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێ کە تاوەکو کێشەی نەبوونی مامۆستای ئەکادیمی چارەسەر نەکرێ، ئەگەری دووبارەبوونەوەی کێشەی لەم جۆرە هەر دەمێنێت.
 
سەرەتای کێشەکە دوای راگەیاندنی ئەنجامی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی سەریهەڵدا، کاتێک دەرکەوت لە کۆی 62 قوتابی خوێندنی تورکمانی لە هەولێر و کفری، تەنیا یەک قوتابی لە وانەی زمانی تورکی دەرچووە. یەکێتی قوتابییان و لاوانی تورکمان ئیلی رایگەیاند، هۆکارەکەی بوونی حەوت پرسیاری هەڵە بووە لە تاقیکردنەوەکەدا کە کۆی گشتی 14 نمرەیان لەسەر بووە.
 
یەکێتی قوتابییان و لاوانی تورکمان ئیلی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە کاتی پێداچوونەوەدا تەنیا سێ پرسیار بە هەڵە دانراون و مافی قوتابییەکان بە تەواوی نەدراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-10-2025 ئەحمەد سەید یەعقوب، بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو باسەی دەکرێ گوایە حەوت پرسیار هەڵە بووە راست نییە، بەڵکو تەنیا سێ پرسیار کێشەیان هەبوو. کێشەی سەرەکی هەڵەیەکی کۆمپیوتەری بوو کە لە کاتی پشکنینی وەڵامەکاندا روویدا. کۆمپیوتەرەکە وەڵامەکانی گرووپی (A)ی بە هەڵە خوێندبووەوە، بۆیە سەرەتا هەموو قوتابییەکانی ئەو گرووپە دەرنەچوون."
 
ئەحمەد سەید یەعقوب گوتیشی: "دوای دەرکەوتنی کێشەکە، لیژنەمان پێکهێنا و کێشەکە چارەسەرکرا و هەموو قوتابییەکان مافی خۆیان وەرگرتەوە و نمرەکەیان بۆ راستکرایەوە. هەندێک قوتابی کە گلەییان هەبوو بانگهێشتکران بۆ بینینی پەڕەی تاقیکردنەوەکانیان، بەڵام بەشێکیان ئامادە نەبوون. ئەوانەشی هاتن و پەڕەکانی خۆیان بینی، بۆیان دەرکەوت کە وەڵامەکانیان هەڵە بووە."
 
ئەحمەد سەید یەعقوب دان بەوەدا دەنێ کە خوێندنی تورکمانی بەدەست کۆمەڵێک کێشەی قووڵترەوە دەناڵێنێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، نەبوونی ستافی پسپۆڕ و ئەکادیمییە. 
 
ئەحمەد سەید یەعقوب گوتی: "کێشەیەکمان هەیە کە ئەکادیمیایەکی تورکمانی یان کۆلێژێک نییە لە هەرێمی کوردستان کە بە زمانی تورکی بخوێنێ. زۆربەی مامۆستاکانمان زمانی تورکییان لە دایک و باوکیانەوە فێربوون یان خۆیان هەوڵیان داوە، نەوەک لە رێگەی خوێندنێکی ئەکادیمییەوە. بۆیە کاتێک مامۆستایەک پرسیار دادەنێ، رەنگە لەڕووی زانستییەوە بۆ نموونە لە بیرکاریدا بەهێز بێ، بەڵام لەڕووی رێزمانی تورکییەوە لاواز بێت و هەڵە بکات."
 
ئەحمەد سەید یەعقوب پێیوایە چارەسەر لە کردنەوەی خولی تایبەت و بەهێزکردنی مامۆستایاندایە و رایگەیاند، "پێویستمان بەوەیە مامۆستاکانمان خولی زمانی تورکییان بۆ بکرێتەوە، نەوەک تەنیا خولی بابەتی پسپۆڕی خۆیان. پێویستە لە تورکیاوە کەسانی پسپۆڕ بهێندرێن یان مامۆستاکانمان بنێردرێنە ئەوێ بۆ ئەوەی لەڕووی زمانەوە بەهێز بن."
 
یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان کێشەی کارگێڕییە. بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی لە هەولێر دەڵێت: "هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خوێندنی تورکمانیمان لە وەزارەتی پەروەردە هەیە، بەڵام قوتابخانە تورکمانییەکانی هەولێر لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێرن. واتە نە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خوێندنی تورکمانین لە وەزارەت، نە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێرین وەک یەکەیەکی تایبەت." ئەمەش وایکردووە کە کارە کارگێڕییەکان و بەدواداچوونەکان ئاڵۆز بن.
 
خوێندنی تورکمانی لە ساڵی 1993ەوە لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، 15 قوتابخانە لە هەولێر و 3 قوتابخانەیان لە کفری هەن، زیاتر لە 2500 قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن و وانەکان لەلایەن زیاتر لە 250 مامۆستاوە دەگوترێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.