لە هەرێمی کوردستان 314 بەربژێر رکابەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن

01-10-2025
پەیمان محەممەد
7800 کەس لەلایەن کۆمیسیۆنەوە وەکو بەربژێر پەسند کراون.
7800 کەس لەلایەن کۆمیسیۆنەوە وەکو بەربژێر پەسند کراون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چاودێریی بەربژێران دەکەن. دەشڵێت، لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک، بە پێبژاردن، بەندکردن یان دوورخستنەوە سزا دەدرێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 01-10-2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسند کراون، دەگاتە نزیکەی 7800 کەس.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، رۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی وەک دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە کە بڕیارە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. نەبەرد عومەر گوتی، بانگەشە تاوەکو کاژێر 07:00ـی بەیانیی 8ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە قەدەخەکراوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و گوتی، ''نابێ بەربژێران لە شوێنە حکومی و ئایینییەکان بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن. هەروەها بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دامەزراوە حکومییەکان بۆ ئەو مەبەستە قەدەخەیە''.
 
بەگوتەی نەبەرد عومەر چەند لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە و رۆژانە چاودێریی شەقامەکان، سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. ''هەر سەرپێچییەک لەلایەن بەربژێرانەوە رووبدات، سزا دەدرێن.''
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، جیا لە چاودێریی لیژنەکان، ''خەڵکیش دەتوانێت لەسەر پێشێلکارییەکانی بەربژێران، لە لقەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانیی کۆمیسیۆن سکاڵا تۆمار بکەن.''
 
نەبەرد عومەر لەبارەی سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سۆشیال میدیا گوتی: ''بە هیچ شێوەیەک نابێ بەربژێران دژایەتیی یەکدی بکەن و قسەی نەشیاو بڵێن، ئەمە بە تەواوی قەدەخەیە.''
 
وەک سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن گوتی، نزیکەی 314 بەربژێر لە هەرێمی کوردستان رکابەری دەکەن، کە پێنجیان بەربژێری سەربەخۆن.
 
نەبەرد عومەر سەبارەت بە سزای بەربژێران لەکاتی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، سێ جۆر سزایان هەیە، پێبژاردن (لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت)، بەندکردن و ئەگەر سەرپێچییەکە گەورەتر بوو، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی دوورخستنەوەی بەربژێرانیشیان لە هەڵبژاردن هەیە.
 
بەگشتی سێ ملیۆن و 888 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ''لەو ژمارەیە، سێ ملیۆن و 69 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن (واتا کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووە) کە نزیکەی 100 هەزاریان یەکەمجارە دەنگ دەدەن.''
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.