رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا پابەندبوونی خۆی بە کەمکردنەوەی ئەرکە سەربازییەکەی لە عێراق دووپاتکردەوە. بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، بەشی زۆری هێزەکان دەگوازرێنەوە هەولێر.
بەرپرسەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی گوتووە، بەگوێرەی ئەو پلانەی هەیە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرنجیان دەخەنە سەر رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش لە سووریا و زۆربەی هێزەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە دەگوازنەوە هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای ساڵی 2025دا ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەبوو، ئەوەش وەک بەشێک لەو هاوپەیمانێتییەی لە ساڵی 2014 بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پێکهێندرا.
بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت، کاتێک گواستنەوەی هێزەکان تەواو دەبێ، کۆی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ کەمتر لە 2000 سەرباز کەم دەبنەوە کە زۆرینەیان لە هەولێر دەبن. بەرپرسەکە گوتیشی، هێشتا ژمارەی کۆتایی دیاری نەکراوە.
ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لە بەغدا دەمێننەوە، سەرنجیان لەسەر هاوئاهەنگی ئەمنیی دوولایەنە دەبێ، نەوەک شەڕی دژی داعش.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش بە رۆیتەرزی گوت: "داعش چی دیکە هەڕەشەیەکی بەردەوام نییە بۆ سەر حکومەتی عێراق یان بۆ سەر ئەمریکا لەنێو خاکی عێراق. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە وا دەکات بتوانین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر بەرەو قۆناخێک بڕۆین کە تێیدا عێراق خۆی سەرکردایەتیی هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی بکات."
سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکاش لە سووریا، بەرپرسەکە گوتی، بەندە بە دۆخەکەوە.
رۆژی سێشەممە، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی داهاتووی ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق گوتی: "بەپێی ئاراستەی سەرۆک و هاوتەریب لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا-عێراق و ئەو راگەیێندراوە هاوبەشەی لە 27ی ئەیلوولی 2024 دەرچوو، ئەمریکا و هاوبەشەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە ئەرکی سەربازییان لە عێراق کەم دەکەنەوە."
27ی ئەیلوولی 2024 ئەمریکا و عێراق گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە هاوئاهەنگی سەربازیی نێوانیان راگەیاند کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی جەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی داعش لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ