رووداو دیجیتاڵ
شەشەمین فیستیڤاڵى هەنار و پاییزى هەڵەبجە بە بەشداریی نزیکەی 600 جووتیار و خاوەن بەرهەم بە زیاتر لە 150 جۆر بەروبوومەوە بەڕێوەچوو. هەر کەپرێک بایی ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دینار تەنیا هەناریان فرۆشتووە و وا دەخەمڵێنرێت کە داهاتی هەموو بەرهەمەکانی سێ رۆژی فیستیڤاڵەکە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بێت.
ئەرسەلان عابید، سەرپەرشتیارێکی فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانیان لەو سێ رۆژەدا بایی نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بەرووبوومی جۆراوجۆریان فرۆشتووە.
فیستیڤاڵەکە لە رۆژی پێنجشەممە 2020/10/29ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو شەممە 2020/10/31 بەردەوام بوو. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵەکەدا هاوکاریی تۆڕى رێکخراوەکانى هەڵەبجەى کرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار چەندین بەرهەمی دیکەش دەفرۆشران. ئەرسەلان عابید لەو بارەیەوە دەڵێت، نزیکەی 200 کەپریان بۆ فرۆشتنی هەنار هەبووە. لەلایەکی دیکەوە نزیکەی 150 کەپریان بۆ فرۆشتنی بەروبوومی وشککراوی وەکو: توو، گوێز و قەزوان هەبووە،.جگە لەوانەش نزیکەی 150 کەپری دیکە کاری دەستی و 100 کەپریش خواردەمەنیی کوردەوارییان فرۆشتووە.
سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە لەبارەی فرۆشتن و قازانجی بەرهەمەکانەوە دەڵێت، بەشێک لە کەپرەکان نزیکەی حەوت ملیۆن دینار هەناریان فرۆشتووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کەپرەکان لە ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دینار فرۆشیان هەبووە.
تاوەکو ئێستا ژمارەی سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە دیار نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی تۆڕى رێکخراوەکانى هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەس سەردانی پارێزگاکەیان کردووە و پێیانوایە "ئەوە ژمارەیەكی پێوانەییە" و هانیان دەدات كە ساڵانی داهاتوو زیاتر گرنگی بە فیستیڤاڵەکە بدەن.
لە فیستیڤاڵەکەدا تەنیا جووتیارانی هەڵەبجە بەشدار نەبوون، بەڵکو لە شارەزوور، هەورامان، گەرمیان، راپەڕین و بەشێک لە شارەکانى دیکەش هەندێک لە جووتیاران بەشدارییان کردبوو.
بەپێى ئامارەکانى کشتوکاڵ، ئەگەر قەدەخەکردنى هاوردە بەردەوام بێت و سەوزە و میوەى قاچاخ نەمێنێت، هەرێمى کوردستان لە زۆرینەى بەروبوومى کشتوکاڵیدا بەشى خۆژیێنیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ