رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردنی فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی کرداریی دەستیپێکردووە؛ لە قۆناخی یەکەم یەک فیرقەیە و بڕیارە دروستکردنی ئەو فیرقانە بۆ داهاتووش بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1-11-2022، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە نراوە و لە قۆناخی یەکەم یەک فیرقە دروستدەکرێت و دوای تەواوبوونی ئەو فیرقەیە، وردە وردە هەنگاوی دروستکردنی فیرقەی دوو و سێش دەنرێت، رەنگە ببنە چوار فیرقە."
بە گوتەی راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: "هەر فیرقەیەک سێ لیوای پێشمەرگە لە خۆدەگرێت." لەبارەی ئامانجی دروستکردنی فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بابەکر زێباری گوتی: "ئەم فیرقانە زیاتر بۆ یەکگرتنەوە، رێکخستنەوە و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە."
رۆژی دووشەممە، 18-7-2022، عەمید روکن محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ماوەیەکە دروستکردنی فیرقە لەو لیوایانەی ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە پێکدەهێنن لەلای وەزارەت گەڵاڵە بووە و پێشنیازیشکراوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات."
سەبارەت بە ئامانجی دروستکردنی فیرقەکان، عەمید روکن محەممەد سەعید گوتی، "مەبەست لە دروستکردنی فیرقە ئەوەیە زیاتر هێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵ بکرێن، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لیوای پێشمەرگە هەن و ئەمە بۆ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە زەحمەتە پەیوەندیی لەگەڵ هەموویان دروستبکات."
سوپای عێراق لە هەشت فەیلەق و 17 فیرقەی پیادە پێکدێت، بەپێی سیستمی سەربازیی عێراق، هەر فەیلەقێک لە چوار فیرقە پێکدێت، هەر فیرقەیەکیش لە چوار لیوا، هەر لیوایەکیش لە چوار فەوج و فەوجێکیش لە چوار سریە پێکدێت و هەر سرییەیەکیش لە چوار فەسیل.
لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکران، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان دواخست.
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا، لەوکاتەوە کە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بوون هێشتا هێزەکان بە تەواوەتی یەکنەخراونەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن، وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
رۆژی 22ی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ـی ئەفسەران و خولی 16ـی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ـی قەڵاچوالان لە رۆژی یەکشەممە، باسی پێویستیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەکرد: "بۆ ئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حیزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە هەڵدەوەشێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ