رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە فەرمانبەری سنووری شارەوانی قەزای عەینکاوەن لە هەولێر و زەوی وەردەگرن. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، "رەچاوی فەرمانبەرانی کریستیان کراوە و شوێنەکەیان لە سنووری شارەوانی هەولێرە."
لە راگەیێندراوێکدا کە بە ناونیشانی "هەواڵێکی خۆش بۆ فەرمانبەرانی عەینکاوە" بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، "لەگەڵ راگەیاندنی قۆناخی سێیەمی تیروپشکی زەوی بۆ فەرمانبەران، پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێ و ئێستا ناوی فەرمانبەرانی سوودمەندبووی عەنکاوە بڵاو دەکەینەوە."
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی عەینکاوە بە وەکالەت ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ شوێنی زەوی بۆ کریستیانەکان دیاریکرا، ناوەکانیان ئامادەیە و تەنیا وردبینی ماوە بۆ وەرگرتنی زەییەکان."
قایمقامی عەینکاوە ئاماژەی بەوەشکرد، "تایبەتمەندیی بە کریستیانەکان دراوە و ئەو زەوییەی وەریدەگرن لە سنووری شارەوانی هەولێرە".
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێ، "ئەوانەی ئەمڕۆ شوێنی زەوییان بۆ دیاریکراوە، هەزار و 148 فەرمانبەری وەزارەتە جیاوازەکانن لە سنووری عەینکاوە."
عەینکاوە گەورەترین قەزای کریستیاننشینە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
تاوەکو ئێستا لە هەولێر، چوار جار زەوی دابەشکراوە؛ جارێک 4 هەزار پارچە؛ جارێک 14 هەزار پارچە؛ جارێک 7500 پارچە و دوێنێش هەزار پارچە لە سنووری سێبەردانی هەولێر دابەشکرا.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی زەوی لە سنووری بنەسڵاوە، کەسنەزان و دارەتوو دەستپێدەکات".
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ