رووداو دیجیتاڵ
سعودیە بڕیاریداوە ئەو کەسانەی ڤیزەی عومرە وەردەگرن، لە یەک مانگدا گەشتەکەیان بکەن، بەپێچەوانەوە ڤیزەکەیان بەسەردەچێ.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە لە سعودیەوە دراوە، پێشتر ئەوەی ڤیزەی عومرەی وەردەگرت، دەیتوانی لە سێ مانگدا گەشتەکە بکات، بەڵام ئێستا یەک مانگە".
لەبارەی کاتی مانەوەوە لە سعودیە، کاروان ستوونی گوتی: "پێشتر ئەوانەی ڤیزەی عومرەیان وەردەگرت، دەیانتوانی سێ مانگ لەوێ بمێننەوە. بەگوێرەی ئەوەی لە بڕیارە نوێیەکەدا دەستکاری ئەو بڕگەیە نەکراوە، کەواتە ماوەی مانەوەکە وەک خۆی ماوەتەوە".
لە هەرێمی کورستان زیاتر لە 400 کۆمپانیا هەن و مانگانە هاونیشتمانییان بۆ عومرە دەبەنە سعودیە.
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە گوتەبێژی حەج و عومرە رایگەیاند: "سعودیە پێشتر ڤیزەی یەک ساڵی دەدا، دواتر کردیە سێ مانگ و ئێستا یەک مانگ. ئەوان زیاتر مەبەستیان رێکخستنی گەشتەکانە بۆ وڵاتەکەیان، چونکە کە ڤیزەی سێ مانگییان دەدا، مانگ هەبوو زیارەتکارێکی زۆر دەچوون و مانگی دواتر کەم، دەیانەوێ بزانن مانگانە چەند کەس دەچێتە وڵاتەکەیان".
بەگوێرەی ئاماری حەج و عومرە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 هەزار کەس دەچنە سعودیە بۆ عومرەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ