سێی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان تورکیا و سلێمانی دەستپێدەکەنەوە

01-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی هێڵی تورکش ئێرلاین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و هەفتانە چوار رۆژ گەشتیان دەبێت.
 
دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
 
رۆژی شەممە، 01ـی تشرینی دووەمی 2025، دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، بڕیارە کاژێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی."
 
بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە چوار رۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەڕێوەدەچن.
 
پێشنیاز کرا بوو ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی داوە. لەبارەی رێکارەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەممەد گوتی: "هەموو رێکارەکان لە عێراق تەواو بوون، بەڵام هەندێک رێکاری نێودەوڵەتی ماوە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە نێودەوڵەتییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێت."
 
یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد.
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.