رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە دەریای رەشەوە چووەتە نێو ئاسمانی وڵاتەکەیان، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16ـەوە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.
شەوی دووشەممە 15-12-2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، کاژێر 21:00ـی شەو، شوێنپێیەکی ئاسمانی کە لە دەریای رەشەوە بەرەو ئاسمانی تورکیا دەهات، لەلایەن رادارەکانەوە لە نزیک ناوچەی "چانکری" دەستنیشانکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 کە لەژێر فەرماندەیی ناتۆ و هێزی ئاسمانیی نیشتمانیی تورکیادان، خرایە ئامادەباشییەوە و رەوانەی ناوچەکە کران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەرکەوت تەنەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە؛ بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو، لە ناوچەیەکی دەرەوەی نیشتەجێبوون و سەلامەتدا کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە."
خستنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە گرژییەکانی دەریای رەش رووی لە زیادبوون کردووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 13ـی کانوونی یەکەم هۆشداریدا لەوەی نابێت دەریای رەش بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و گوتی: "دۆخێکی لەو شێوەیە تەنیا زیان بە رووسیا و ئۆکراینا دەگەیێنێت. ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی لە دەریای رەشدا بۆ هەموو لایەک گرنگییەکی ژیانی هەیە."
پێشتر و لە رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمدا، سێ کەشتیی بازرگانیی تورکیا لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی ئۆکراینا زیانیان بەرکەوت. هێزی دەریایی ئۆکراینا رایگەیاندبوو، هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیاوە کراون، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ئەردۆغان رۆژێک بەر لە رووداوەکان، لە پایتەختی تورکمانستان لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببووەوە.
هەر لەم مانگەدا (2ـی کانوونی یەکەم)، تانکەرێکی دیکە کە لە دەریای رەش لە نزیک کەناراوەکانی تورکیا دەڕۆیشت، رایگەیاندبوو کە "هێرشی کراوەتە سەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ