رووداو دیجیتاڵ
بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.
لەڕێی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداوەوە 6 ملیار و 687 ملیۆن و 870 هەزار دینار بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکرایەوە.
دوای ئەوەی یەکشەممە 14-12-2025 لەڕێی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆری میدیایی رووداوەوە بازرگان و سەرمایەداران هاوکاری و کۆمەکیان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، بەهۆی داواکاریی بەشێک لە سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان، بەرنامەکە دووشەممەش بەردەوام بوو و تەنیا لە ماوەی 30 خولەکدا چوار سەرمایەدار هاوکاریی خۆیان لەڕێی رووداوەوە بەخشی.
رەنج سەنگاوی رایگەیاند، تەواوی ئەو هاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە، لەڕێی لیژنەیەکی تایبەت، دەستەی دەستپاکی و دەستەی مافی مرۆڤەوە دابەش دەکرێت و دەگەیەنرێتە شوێنی مەبەست.
سەردار فەقێ محەممەد زەنگەنە، کەسایەتیی ناسراوی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە بەرنامەی لەگەڵ رەنج کرد و بڕی 100 ملیۆن دیناری بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گوتی: "بیگومان کاتێک ئێمە دەبەخشین، هیج کەسیک زۆرمان لێناکات، بەڵام دڵنیابن خوا قەرەبووی ئەو ماڵ و سامانە دەکاتەوە کە دەبەخشرێ. من وەها دەیبینم. خێرخوازان جگە لەوەی دڵخۆش دەبن، خوا قەرەبووشیان دەکاتەوە".
هیمداد حەمید، خاوەنی کۆمپانیای سولی میدیا کە خۆشی خەڵکی چەمچەماڵە، پەیوەندیی بە رووداوەوە کرد و 100 ملیۆن دیناری بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکە.
هیمداد حەمید ئەو بەخشینەی بە ئەرکی سەر شانی وەسفکرد و گوتی: "هەر چ بزنسێکمان هەبێت و گەشەی کردبێت، ئەوا قەرزداری کوردستانین. هەر چییەکیش ببەخشین، هێشتا لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە نابین. من وەکو چەمچەماڵییەکیش سوپاستان دەکەم کە دەستبار و ئاسانکاری ئەو کۆمیسیۆنە بوون کە جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ دروستی کردووە. وینەیەکی زۆر جوانی پێکەوەبوونی کوردتان نیشاندا".
هەروەها سالار فەقێ محەممەد زەنگەنە، بازرگانی دیاری چەمچەماڵ پەیوەندیی کرد و بڕی 100 ملیۆن دیناری لەڕێی رووداوەوە بەخشی.
سالار فەقێ محەممەد زەنگەنە سوپاسی تەواوی ئەو سەرمایەدارانەی کوردستانی کرد کە کۆمەکی خەڵکی زیانبەرکەوتووی چەمچەماڵیان کردووە. هاوکات پێشنیازی کرد ئەو هاوکاری و کۆمەکەی کۆدەکرێتەوە، بە شێوازێکی باش دابەش بکرێت و بگەیەنرێتە دەستی کەسانی شایستە.
مەریوانی حاجی جەمال 500 ملیۆن دیناری بەخشی
مەریوان حاجی جەمال کە سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری سلێمانییە، پەیوەندیی بە بەرنامەکەوە کرد و 500 ملیۆن دیناری بەخشی و گوتی: "هیوادارم توانیبێتم کەمێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکەم. من هەر لە منداڵییەوە کاری یەکەمم خێرکردن و خزمەتکردنی خەڵک بووە. ئەمە ئەرکە و هیچ چاکەیەک نییە، چونکە من سەرەتا لەڕێی خوا دەیکەم، دواتریش وەکو کارێکی مرۆیی".
بەگشتی لەم دوو رۆژەدا بڕی 6 ملیار و 687 ملیۆن و 870 هەزار دینار لەڕێی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ