رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، سەرەڕای هەندێک وەڵامدانەوەی یەکدی و گرژییەک لە نزیک قەڵای هەولێر، بەڵام پارتی و یەکێتی جەخت لە بانگەشەیەکی ئارام دەکەنەوە و دەڵێن: "بە شێوازێکی مەدەنییانە بانگەشە بەڕێوەدەچێت، هەر لایەنێک ئازادە لە هەر شار و ناوچەیەک بانگەشە دەکات.''
رۆژی 3-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە رۆژی 8-11-2025 بانگەشە کۆتایی بێت،لیست و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە دەچنە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا. دەنگدانی تایبەت لە 9-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 دەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە نزیک قەڵای هەولێر بڵاوبووەوە، تێیدا کێشە و گرژی لەنێوان لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستبوو، ئەمە لە کاتێکدایە، پارتی، یەکێتی و هەموو لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاندبوو، بە شێوازێکی ئارام، هێمن و شارستانی بانگەشە دەکەن و خەڵک بێزار ناکەن.
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
پارتی: ناهێڵین گرژی رووبدات لە بانگەشەدا
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر 30 بەربژێری هەیە، رۆژانە چالاکی و کۆبوونەوەی جەماوەری دەکات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ بەربژێرانی، یەکێتیش بە هەمان ژمارەی بەربژێر رکابەری پارتی دەکات لە بەدەستهێنانی کورسییەکاندا، پارتی لە هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، هەمان " بانگەشەی ئارام" بەردەوام دەبێ.
رێبوار هادی، سەرلیستی پارتی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رامانگەیاندبوو زۆر بە ئارامی و شارستانییانە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین، هەر بەم شێوەیەش کردوومانە و بەردەوامیش دەبین و تاوەکو بتوانین ناهێڵین هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک دروست ببێت، تەنیا دەمانەوێت نوێنەری راستەقینە و خەمخۆر بنێرینە پەرلەمان بۆ داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان".
هەم لەبانگەشەی پەرلەمانی عێراق، هەم پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی لە یەک رۆژ و پێکەوە بانگەشەیان کردووە، سەرلیستی پارتی دەڵێ: "هەموو لایەنەکان ئازادن لە چ شار و پارێزگایەک بانگەشە بۆ خۆیان و بەربژێرەکەیان دەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆن، لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، سەرپێچییەکان کەمترن، حیزبەکان ئارام و هێمنتر بانگەشە دەکەن.
یەکێتی: با بەردەوامبین لە بانگەشەیەکی ئارام
لیست و لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان، تەنیا چەند رۆژێکیان ماوە بگەنە ئەو ئامانجەی زارەکی هاوڕابوون لەسەری کە " هێمنانە" بانگەشە بکەن.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرلیستی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر لەبارەی رووداوەکەی لای قەڵا بە رووداوی راگەیاند: "ئەو رەفتارەی کرا ناشیرین بوو، ئەگەر بەری لێنەگیرێت، کاردانەوەی دیکەشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کۆمەڵێک خوێندکار بوون و لە هەولێر بانگەشەیان بۆ یەکێتی کردووە، جگە لە قەڵەم و تیشێرت هیچی دیکەیان لا نەبووە؛ هیواخوازم هەموو لایەنەکان لەسەر بەڵێنەکەیان بەردەوام بن و بانگەشەیەکی ئارام و بێ کێشە بکەن، ئەوەندەی ماوە لە بانگەشەدا ئارام بێت".
سەرلیستی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر دەشڵێت: "هەر لایەنێک ئازادە لە چ پارێزگایەکی کوردستان بانگەشە دەکات، نابێ لەو بنەما دیموکراسییە بۆ بانگەشە لابدەین".
پارێزگاری هەولێر: هیچ سکاڵایەک لەسەر رووداوەکەی لای قەڵا تۆمار نەکراوە
لەبارەی رووداوەکەی نزیک قەڵای هەولێر کە سەرلیستی یەکێتی بە " ناشیرین" ناوی دەبات، پارێزگاری هەولێر بە رووداوێکی دەرەوەی "ویستی" حیزبەکانی دەبینێت و دەڵێ، "رێکخراو نەبووە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاس بۆ خەڵکی شارەکەمان بە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە کە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە باشی و بە ئارامی بەڕێوەدەچێت."
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوبووەوە، ئومێد خۆشناو دەڵێت: "ئەو بابەتە رێکخراو نییە و پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە، دوو گرووپی گەنج حەماسەتێکی زیاتریان هەیە، بانگەشەیان کردووە و بەر یەک کەوتوون."
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، ئەوان ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە، کێشەکە لەنێوان گرووپێکی 10 تاوەکو 15 گەنجدا بووە و لە هەموو شوێنێکیش شتی لەو جۆرە روودەدات. گوتیشی:"تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک نە لەلایەن حیزب نە خەڵکیش تۆمارنەکراوە".
ئومید خۆشناو داوای لە لایەنە سیاسییەکان و لایەنگرانیان کرد: "ئەوەی لە بارەگا، کۆمەڵگە و گردبوونەوەکان"ـی خۆیان دەیکەن، نەیبەنە ناو چەقی شار.
دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ