رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی دووی پارتی لە هەولێر دەڵێت: "شارەکە خۆی یەکلایی کردووەتەوە لەگەڵ پارتییە، ئاهەنگ و چالاکییەکانی رۆژانەش ئاهەنگی سەرکەوتنی پێشوەختەی پارتییە لە هەولێر.''
رۆژی شەممە 01-11-2025 لە هەولێر یەکێتی بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد، بافڵ تاڵەبانی لە گوتارێکدا لەبانگەشەی حیزبەکەی رایگەیاند، ئەوەی بەرگری لە هەولێر بکات رێگەنادات "هەموو رۆژ" درۆن ئاراستەی هەولێر بکرێت، بەڵام زانا مەلاخالید دەڵێ:" بۆ پارێزگاریکردن لە هەولێر، حکومەتی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی جێبەجێکردووە، لەجیاتی ستایشی دەست و قامەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بکەن، دێن تانەیان لێدەدەن ."
زانا مەلاخالید دەڵێ :" لەوکاتانەی هێرشدەکرا، هێرشکراوەتە سەر هەولێر نەک پارتی، پارتی و هێزە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان زانیوە سەرکۆنەی ئەو کارە تیرۆرستییانە بکەن کرانە سەر هەولێر، بەڵام ئەوان ئەوکاتیش زاتی ئەوەیان نەکرد بە وشەیەکیش سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن.''
لەبارەی دەنگی حیزبەکەی لە هەولێر، زانا مەلاخالید دەڵێ: "هەولێر خۆی یەکلایی کردووەتەوە لەگەڵ پارتییە، سوپاسی خەڵکی هەولێر دەکەین کە هەمیشە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، خەڵک دەنگ بە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەدات .''
بازنەی هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 16 کورسی هەیە، 108 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی هەولێر دەکەن، نیوە زیاتری کۆی بەربژێران لە هەولێر بەربژێری یەکێتی و پارتین.
پارتی و یەکێتی هەریەکێکیان 30 بەربژێریان لە هەولێر هەیە، بۆ رکابەری بەدەستهێنانی کورسیش هەر یەکێکیان لە 7 پارێزگا بەربژێریان هەیە، پارتی لە بەغداش پشتیوانی بەربژێرێکی کوردی فەیلی دەکات کە بۆ دەستهێنانی کۆتای کوردی فەیلی چووەتە نێو رکابەرییەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ