حەوت پارتی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی

01-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەوت پارتی سیاسیی تورکمانی لە هەولێر بە راگەیێندراوێکی هاوبەش، پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، "سەرۆک بارزانی بەردەوام پاڵپشت و پشتیوان بووە بۆ ماف و داواکارییەکانی تورکمان."
 
ئەمڕۆ شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025 هەریەک لە پارتى گەشەپێدانى توركمان، پارتى ديموكراتى توركمان، بزووتنەوەی ديموكراتى توركمانى، پارتى رزگارى نەتەوەیی توركمانى، كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانى، كۆمەڵەی ليبڕالى توركمانى و پارتى گەزەنگى توركمانى كەرکووك راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند.
 
بڵند عوزێری، سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمانی لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حەوت سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکمان کۆبووینەوە و کۆک بووین لەسەر ئەوەی راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوبکەینەوە بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 275ی پارتی و گوتی، "لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکمان گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی نیشتمانیی دەرببڕین. سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتمان بووە بۆ گەیاندنی دەنگی تورکمان و داکۆکیکەری سەرەکیمان بووە. لەسەر ئەم بنەمایە بڕیارماندا دەنگ بە لیستی پارتی بدەین."
 
بڵند عوزێری گوتی، "دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەولێر، کاریگەری زۆری هەبوو بۆ ئەوەی گەلی تورکمان پشتیوانی زیاتری لیستی 275 بکات."
 
روونیکردەوە، سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکمان رێککەوتین ئەم هەڵوێستەمان تەنیا لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە هاوبەشەوە رابگەیێنین و نەمانویست کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی بکەین و هەمووان سەرقاڵ بکەین. خۆمان رێککەوتووین و بە رێکخستنەکانیشمان راگەیاند کە هەڵوێستی پشتیوانی خۆمان بۆ لیستی پارتی رادەگەیێنین. 
 
رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2025 مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە رێوڕەسمێکدا لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەی، پشتیوانی خۆی بۆ لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا کرد.
 
مونا قەهوەچی بە رووداوی گوت، "پێشتر و ئێستا و هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی خۆمان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندووە. سەرۆک بارزانی بەردەوام داکۆکی لە مافی ئێمەی کردووە و باوەڕی بە تورکمان هەیە."
 
دەقی راگەیێندراوی حەوت پارتە سیاسییەکەی توركمان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى عێراق:
 
"بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
 
هەرێمی کوردستان هەمیشە جێگاى برايەتى و تەبايی بووە.  خەڵکی کوردستان دوور لە رق و جياكارى له چوارچێوەى گيانى لێبوردەيی، ئەو شارستانيەت و  فەرهەنگه بە بەهايەيان پاراستووه. ئەم فەرهەنگه رەنگی داوەته سەر ژيانی سياسی و حوكمرانيش و مافى نەتەوەيى و سياسى پێكهاتەكان زامن كراوه.
 
ئەمەش لە ئەنجامى هاوپەيمانى و يەكرێزى لايەنە سياسيەکانى پێكهاتەکان بووە. بە تايبەتى ئەم پەیوەندييە مێژووييەى پێكهاتەی توركمان و پارتى ديموكراتى کوردستان و  بەردەوام پاڵپشتى و پشتيوانى سەرۆك بارزانى له ماف و داواكارييەكانى توركمان.
 
بۆيه ئێمه ئەو حزب و لايەنانەى توركمان كه ناومان هاتووه، بريارماندا، له هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق كه له 11/ 11/ 2025 ئەنجام دەدرێت، دەنگ بە ليستى ژمارە (275)ى پارتى ديموكراتى كوردستان بدەين و داوا له پێکهاتەى توركمان دەكەين دەنگ بەم ليسته بدەن بۆ ئەوەی ئەو هێزه نيشتمانييە تێکۆشەره، له بەغداش بەرگرى له ماف و داواكارييەكانى پێكهاتەكان بكات و پارێزگارى لە بەرژەوەندييەكانى خەلكى كوردستان و قەوارەى هەرێم بكات.
 
پارتى گەشەپێدانى توركمان
پارتى ديموكراتى توركمان
بزووتنەوەی ديموكراتى توركمانى
پارتى رزگارى نەتەوەیی توركمانى
كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانى
كۆمەڵەی ليبڕالى توركمانى
پارتى گەزەنگى توركمانى كەرکووك"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.